شارۆچکەیەکی بەرازیل زۆرترین منداڵی دووانەی تێدایە

شارۆچکەیەکی بەرازیل زۆرترین منداڵی دووانەی تێدایە
شارۆچکەیەکی بەرازیل زۆرترین منداڵی دووانەی تێدایە

حكومەتی بەرازیل ناوی لە یەكێك لە شارۆچكەكانی ناوە "شاری دووانەكان"، بەهۆی ئەو رێژە زۆرەی منداڵە دووانەکان تێیدا.

بە پێی ئامارە فەرمییەكانی بەرازیل، شارۆچكەی كاندیدۆ گۆدۆی لە هەر 10 دووگیانبوونێکدا بەلانی كەمەوە یەك حاڵەتی دووگیانیی دووانەیە.

زۆربەی ئەو شارەزایانەی ویستوویانە هۆكاری حاڵەتەكە روونبكەنەوە، نازییەكانیان بەهۆکار زانیوە، "جۆزێف مینجیل، پزیشكی نازییەكان، كە لەگەڵ ئەدۆلف هیتلەر كاری كردووە، لە ئەڵمانیا هەڵهاتووە بۆ ئەم شارۆچكەیە و لەوێش چەندین تاقیكردنەوەی پزیشكی لەسەر خەڵكەكەی ئەنجامداوە، كە بووەتە هۆی دروستبوونی ئەو هەموو دووانەیە".

بە پێی گوتەی مێژووناسان، "جۆزێف مینجیل، کە بە شای مردن ناسرابوو، تاقیكردنەوەی لەسەر خێوەتگەكانی مردنی تایبەت بە نازییەكان ئەنجامداوە و لەكاتی تاقیكردنەوەكانیشیدا ئەو جینەی دۆزیوەتەوە، كە دەبێتە هۆی دروستبوونی دووانە لە سكی دایكدا و رەنگە هەر ئەو جینەش لە نێو ئەم شارۆچكەیەی بەرازیل بڵاوبووبێتەوە".

خەڵكی شارۆچكەكە دەڵێن، "لە شەستەكانی سەدەی رابردوو پیاوێك هاتووەتە شارۆچكەكە و گوتویەتی، ئەو پزیشكی ڤیتێرنەرییە و دواتر چەندین لێكۆڵینەوەی لەسەر ژنەكان ئەنجامداوە و تێكەڵەیەك لە هۆڕمۆن و دەرمانی پێداون تاوەكو دووانەیان ببێت".

زانا بەرازیلییەكان لێكۆڵینەوەیان لەسەر خەڵكی ئەم شارۆچكەیە كردووە و بۆیان دەركەوتووە، كە راستە خەڵكی ئەم شوێنە زیاتر جینێكی دیاریكراویان هەیە، كە دەبێتە هۆی دروستبوونی منداڵی دووانە.
Top