پێویستی و جوانیی ئێكسسوار چی لە جوانیی جل و بەرگ كەمتر نییە، چونكە ئێكسسواریش جوانی و بایەخی خۆی هەیە، بە سەر بەرۆك و جەستەی كچاندا دەبریقێتەوە. جۆرەكانی ئێكسسوار هەمەچەشنن، هەر یەكە تایبەتە بە كات و شوێنی خۆی. بۆ نموونە، لە كاتی ئاهەنگ و زەماوەنددا، زیاتر بازن و گۆبەرۆك و گوارە و خڕخاڵیش بەكار دەهێنن، بۆ كاتی دەوامی فەرمیش، ملوانكە و گوارەیەكی سادە جوانیت گەشاوەتر دەكەن. ئێستا كچانی فەرمانبەر و پیشەوەر گرنگی بەو دوو جۆرە ئێكسسوارە دەدەن، بەڵام زیاتر ملوانكەیان مەبەستە و لە رۆژانی دەوام و چوونە كاریان لەملی دەكەن. ملوانكە چەندین شێوەی هەیە، باریك و ئەستووریان هەیە، هەیە دەنكی درشتە و هەشە دەنكی وردە. مۆدی ئێستای ملوانكە باریك و دەنك درشت باوە، كچانیش دەتوانن ئەو شێوازە ملوانكەیە لە مل بكەن، بە مەرجێك لەگەڵ رەنگ و ستایلی جل یەكبخرێت.