ئەو ئەشكەوتە دەكەوێتە سنووری پارێزگای دهۆك، بە دووریی (13)كیلۆمەتر لە شاری دهۆكەوە، هەروەها دەكەوێتە باكوری رۆژهەڵاتی شارۆچكەی شێخان.بە هاوینە هەواری سەنحاریب پاشای ئاشوور ناسراوە، سەردەمی ئەو پاشایەش بۆ ساڵانی (682-704) پێش زایین دەگەڕێتەوە. ئەشكەوتەكە لە نێو نیمچە دۆڵێكدایە كە دەكەوێتە نێو زنجیرە شاخێكەوە. دەروازەی ئەشكەوتەكە دەڕوانێتە سەر ئاوێكی سازگار، لە شاخەكەدا چەندین پەیكەر و ئەشكەوتی وەك: پەرستگا، نەخشەسازیی دیكەی هەڵكۆڵدراوە هەن. شوێنی نەخشە هەڵكۆڵدراوەكان لە شوێنێكی بەرزن و بە شێوازێكی سەیر و جوان دروست كراون، وەك ئەوەی چەند پەیكەرتاشێك كاریان تێدا كربێت، ئاخۆ لە پێشوودا چ جۆرە زانستێكیان زانیوە تا ئەو نەخشە سەیرانە لەسەر گاشە بەردی وا رەق و تەق بكەن؟ ئەشكەوتی خنس بە جێگایەكی شوێنەوار ناسراوە، ناوی خەنس لە (خانوسا)وە هاتووە، كە سەنحاریب ئەو ناوەی هەبووە، ئەو نەخش و وێنە ئاسەوارە كۆنانەی لەم ئەشكەوتەدا هەن بریتیین لە: گای باڵدار، ئەفریزی گەورە، سەنحاریب، چەندین وێنەی جۆراوجۆری دیكەی تایبەت بە رێنمایی و زانیاری و فێركردنە، دەگوترێ: رەنگە نەخشی سەر ئەو گاشە بەردانە وەك تابلۆیەكی فێركردن بێت.