ئەگەر لەلای خۆشمان ئەو كارە بكرێ، پێدەچێ بیرۆكەیەكی باش بێت. چین بە وڵاتی سەیر و سەمەرە ناسراوە. ئەوەتا بیرۆكەیەكی تازەیان داهێناوە لە بواری پێوەندی كۆمەڵایەتی و ژن و ژن خواستن، كە رۆژانی شەممە زۆربەی كچان و كوڕان، یان باوك و دایك ئەو كچ و كوڕانەی نیازی هاوسەریان هەیە، دەچنە باخچەیەكی گشتی كە لە شاری (شەنگهای) كۆ دەبننەوە، لەو شوێنەش دیوارێكی گەورە هەیە ئەوەی بیەوێ كچەكەی شوو بكات، یان كوڕەكەی ژن بهێنێ، ریكلامێكی تەواو و پوخت بۆ كچەكەی یان كوڕەكەی دەكات، پاشانیش ئەو رێكلام و پیاهەڵدانەی بە دیوارەكە هەڵدەواسێ. لە هەمان كاتیشدا، باوك و دایكی كەسانی دیكەش، ئەو رێكلامانە دەخوێننەوە و ئەگەر یەكتریان بەدڵ بێــت، ئەوا دەچنە داوای ئەو كچەی مەبەستیانە.