هەر ئێكسسوارێك جێگەی بایەخ و جوانیی خانمانە، كچان سەربەستن لە هەڵبژاردنی هەر جۆرە ئێكسسوارێك تا لەبەری بكەن. ملوانكە گرنگترین ئێكسسوارە، چونكە لە هەموو لایەكەوە دیار دەبێ كاتێك بە بەرۆكی خانمانەوە دەبێ. ملوانكە ناسكە، بەڵام دەبێ خانمان ئەو جۆرە ملوانكەیەیان لە مل بێ، كە لەگەڵ شێوە و جوانیی روخسار و پێستیان دەگونجێ. چەندین چەشنی ملوانكە هەن، هەندێكیان قاش گەورە و زنجیر باریكن، هەندێكی دیكەشیان باریك و دەنك گەورەن. مۆدی پێشووی ملوانەكە زیاتر ملوانكەی زنجیر باریك بوو، بەڵام ئێستا بایەخ بە ملوانكە ئەستوور لە زنجیر و دەنكی ورد دەدرێ. لە بارەی رەنگی ملوانكەوە، پسپۆران دەڵێن: لە وەرزی هاوین و تیشكی هەتاو بەهێزدا، ئەگەر ملوانكە لە هەر رەنگێكی زەق بێ، جوانیی خۆی نادات، وا باشە لە رەنگی سپی و زەردی شێلوو بێت، كە تیشكی هەتاو رەنگی تێدا دەداتەوە، جگە لەوەی لە دوورەوەش ئەو ملوانكەیە لە ملی خانماندا دەبیندرێ.