گەورە شاشەی شەوانی رەمەزان

گەورە شاشەی شەوانی رەمەزان
جیا لە ساڵانی پێشوو بە هۆی مۆندیالی تۆپی پێوە خەڵك زیاتر و زۆرتر كاتەكانی شەوانیان لە دیار یاریەكانی مۆندیال بەسەر دەبەن، لە پێشووتردا لە دوای نان خواردن خەڵكی لە ماڵ دەهاتنە دەرەوە و بازاڕەكانی ناوشار جمەیان دەهات و گەرم و گوڕی جوانی پڕ جۆش و خرۆشی بەخۆەوە دەبینی هەركەسەو بە شتێك خەریك دەبوو تا بەرەبەیان، یاریە كوردی و كۆنەكانی وەك : سنی سنیانێ و دانیشتنی شەوانی هونەرمەندان و یاری كڵاوێن و چەندین یاری و چالاكی بەرنامەی سەرەكی خەڵك بوو، جگە لە شەو نوێژ و كۆڕی زیكر و تەراویح، بەڵام ئەمساڵ بەشی هەرە زۆری خەڵك ئەگەر لە ماڵیش نەیەنە دەرەوە ئەوە یان بە فەیسبووكەوە خەریكن یان تەماشای یاریەكانی مۆندیال دەكەن، لە شەقامی ئیسكانی شاری هەولێریش وەك هەموو ساڵان هەر دوای بانگی مەغریب جمەی دێت لە گەنج و لاوان بۆ ئەوەی ئەو كۆمەڵە گەنج و لاوە بە ئاسوودەیی كاتی شەوان و كاتی یاریەكان بەسەر ببەن، شاشەیەكی گەورەی دوو دیوی لە ناو شەقامی ئیسكان دانراوە و بە هۆیەوە لە كاتی یاریەكان شەقامەكە دادەخرێت و گەنجان بە ئاسوودەیی لە دیار یاریەكان پاڵپشتی خۆیان بۆ یەكێك لە تیپەكانی مۆندیال بە هات و هاوارەوە دەردەبڕن، تەنانەت شاشەیەكی لە هەمان شێوە لە پاركی سامی عەبدوڵرەحمان دانراوە، بۆ ئەوەی هەوادارانی یارییەكانی مۆندیال لە دیتنی یارییەكان بێبەش نەبن. ئەو جووتە شاشەیە زۆر چاكە ئەگەر لە دوای مۆندیالیش هەر بمێنن، بۆ ئەوەی هەمەجۆر بەرنامە و رێنمایی بابەتیان تێدا پیشان بدرێ. شیاوی باسە هەردوو شاشەكە بریتیین لە بۆردێكی سپی و بە داتاشۆ بابەتیان لەسەر پیشان دەدرێ.
Top