رازاندنەوەی ماڵەکەت بەگوڵی سروشتی

رازاندنەوەی ماڵەکەت بەگوڵی سروشتی
گەر ئارەزوی ئەوە دەکەیت دیکۆری ماڵەکەت سروشتی و زیندوتر بنوێنێت ئەوا باشترین چارەسەر بریتیە لە بەکارهێنانی گوڵ و نەمامی سروشتی لەماڵەکەدا. دانانی گوڵ لەژورەکانی ناو ماڵدا کەشێكی خۆش و ئارام دەبەخشێتە خۆت و ئەندامانی خێزانەکەشت، هەربۆیە بەپێویستمان زانی چەند رێنماییەک ئاراستەی ئەو کەسانە بکەین کە حەز بەبەکارهێنانی گوڵی سروشتی دەکەن لە ناو ماڵەکانیاندا:

-خاڵێکی سەرەکی بریتیە لەوەی کە رەنگی گوڵەکان لەگەڵ ئەساسی ژورەکەدا گونجاوبن.

-باشتر وایە گوڵی سروشتی زیاتر لەو ژورانەدا بەکاربهێنرێت کە روناکی دەرەوە و تیشکی خۆری تێدەکەوێت بۆ ئەوەی لە وشکبون و زەردبونەوە بپارێزرێن.

-بەشێوەیەکی بەربڵاو نەمام و گوڵەکان لە ناو ژورەکاندا دامەنێ، بەڵکو هەوڵبدە سوچێكی ژورەکەیان بۆ تەرخان بکەیت و بەدیزاینێكی رێکخراو دایان بنێیت.

-زیرەکانە ئینجانەو گوڵدانەکان هەڵبژێرە بەشێوەیەک کە لەگەڵ ئەساس و رەنگەکانی ناو ژورەکەدا گونجاوبێت.

-هەوڵمەدە ئینجانەو گوڵی گەورە لەسەر مێزی ناوەڕاستی ژورەکان دابنێیت، مێزی ناوەڕاست وا باشترە بەئێکسسوارو گوڵدانی بچوک بڕازێنرێتەوە.

-هەوڵبدە ئینجانەکان لەئاستێکدا دابنێیت کە لەقەنەفەکان بەرزتربن و بەئاسانی ببینرێن لە ناو ژورەکەدا.

-هەرگیز گوڵ و نەمامی سروشتی لەژوری منداڵدا دامەنێ، لەبری ئەوە دەتوانیت لە بەلەکۆن و دیوی دەرەوەی ژورەکەدا هەڵیبواسیت.

-له‌ مەتبەخیشدا دەتوانیت ئەو جۆرە سەوزانە لە ئینجانەدا بەخێوبکەیت کە سودی لێوەردەگریت، بە نمونە نەعنا و رێحانە و کەرەوس. دەتوانیت زۆر بە جوانی لەناو ئینجانەی سادە و بچکۆلانەدا بەخێویان بکەیت و بۆ هەردوو مەبەستی جوانکاری و بەکارهێنانیش سودیان لێ وەربگریت.

-گەر دیمەنی دەرەوە لەبەلەکۆنی ماڵەکەتەوە جوان و دڵرفێن نیە، ئەوا خۆت دیمەنێكی جوانی بۆ دروست بکە بەوەی کە بەبڕێكی زۆر گوڵ و نەمامی جوانی و رەنگاوڕەنگی تیادا دابنێ و به‌دڵی خۆت بیڕازێنەرەوە
Top