سەرۆكی ئیسرائیل ركابەرەكەی نەتانیاهۆ بۆ پێكهێنانی حكومەت رادەسپێرێت
دوای ئەوەی دواین مۆڵەتی نەتانیاهۆ بۆ پێكهانی كابینەی تازەی حكومەتی ئیسرائیل كۆتایی هات و شكستی هێنا ، دوێنی چوارشەمە ، رئۆفین ریفیلین سەرۆكی ئیسرائیل ، یائیر لابیدی سەرۆكی پارتی - ئایندە-ی راسپارد بۆ ئەوەی هەوڵەكانی خۆی بخاتە گەڕ و لەماوەی 28 رۆژی داهاتوودا كابینەی تازەی حكومەتی ئیسرائیل پێكبهێنێت.
پارتەكەی لابید كە تەنیا 17 كورسی پەرلەمانی لەكۆی 120 كورسی كنیست هەیە بە پلەی دووەم دوای حزبی لیكود دیت كە نەتانیاهۆ سەرۆكایەتی دەكات و خاوەنی 31 كورسی كنیستە، بۆیە كاتێك نەتانیاهۆ بە 31 كورسیەوە نەیتوانبیت لەماوەی چوار هەفتەی رابردوو بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی هاوپەیمانی سەركەتوو بێت ، ئەوا ئەركی یائیر لابید بە تەنیا 17 كورسیەوە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی و پێكهێنانی كابینەی تازە ئاسان نابێت.، هەر بۆیە پرسیاری سەرەكی چاودێران لەسەر ئەم پرسە ئەوەیە ئەگەر لابید سەركەوتوو نەبوو ، ئایا پرۆسەی سیاسی و حكومرانی لە ئیسرائیلدا لەناو ئەم ناسەقامگیریەدا بەردەوام دەبێت؟ یان سەرۆكی ئیسرائیل ناچار دەبێت بریاری خۆی بدات و ئەم ناسەقامگیرییە سیاسیە كۆتایی پێبهێنیت؟
