یۆرگن هابرماس گەورە فەیلەسوفی ئەڵمانی .. خەڵاتی شێخ زایدی رەتكردەوە

یۆرگن هابرماس گەورە فەیلەسوفی ئەڵمانی .. خەڵاتی شێخ زایدی رەتكردەوە
گوڵان میدیا
ماڵپەری ( شپیگل ئۆنلاین) رایگەیاند : یۆرگن هابرماس گەورە فەیلەسوفی ئەڵمانی خەڵاتی شێخ زایدی بۆ نووسەران رەتكردەوە كە بەهاكەی 250 هەزار یۆرۆیە ، لەمبارەوە هابرماس رۆژی یەكشمەی رابردوو رایگەیاند ، قبوڵكردنی خەڵاتەكە لەسەرەتادا – بڕیارێكی هەڵە بوو- ئێستاش ئەو هەڵەیە راست دەكەمەوە، بەمەش هابرماس سەلماندنی كە سازش لەسەر- بەهاكانی فیكری رۆشنگەری- ناكات.
ئەم خەڵاتەی شیخ زاید كە ساڵانە دەدرێتە تویژێك لە نووسەرانی عەرەبی و نیودەوڵەتی ، خەڵاتێكە دەدرێتە ئەو نووسەرانەی كە بەشداریەكی بەرچاویان لە دەوڵەمەندكردنی و داهینان لە فیكری رۆشنبیری عەرەبی هەبووبێت و ، لەكارو چالاكیەكانی ئەو نووسەرانەدا ، رەسانەیەتی و لیبوردەیی و پێكەوەژیان بەرجەستە بووبێت.
یۆرگن هابرماس كە ئێستا تەمەنی 91 ساڵە لە روونكردنەوەیەكدا كە ماڵپەری – شپیگل اونلاین- بڵاوی كردووە دەڵێت: زۆر بەباشی لە پەیوەندی نێوان ئەو دامەزراوەی كە خەڵاتەكە دەبەخشێت لە ئەبوزەبی و سیستمی سیاسی ئەوێ ئاگادار نەبووم ، هەموو ئەو زانیاریانەی لەسەر ئەو خەڵاتە هەمبوو لە یۆرگن بوس بەرێوەبەری پێشانگای فرانكفۆرت و ئەندامی لیژنەی زانستی خەڵاتی شێخ زاید وەرگرتبوو، بۆیە سەرەتا قبوڵم كرد خەڵاتی شیخ زاید بۆ 2021 وەربگرم ، بەڵام ئەمە بڕیارێكی هەڵەبوو و ئێستا راستی دەكەمەوە.
ئەم پاشگەزبوونەوەی هابرماس لە وەرگرتنی ئەو خەڵاتە دوای ئەوەهات كە ماڵپەری – شپیگل ئۆنلاین- بە پشت بە ستن بەراپۆرتێكی رێكخراوی – فریدەم هاوس - راپۆرتیكی لەسەر پێشلكاریەكانی مافی مرۆڤی لە ئیمارات بڵاوكردەوە و كە تیایدا ئیمارات لەكۆی ئەو 100 خاڵەی فریدەم هاوس دایناوە، ئیمارات تەنیا 17 خاڵی وەرگرتووە ، ئەمەش ئاستێكی زۆر نزمە بۆ رێزگرتن لەمافەكانی مرۆڤ لەو وڵاتەدا.
سەبارەت بەم بریارەی هابرماس ، لیژنەی سەرپەرشتیكاری خەڵاتی شیخ زاید ، لەگەڵ ئەوەی بریارەكەی هابرماسیان زۆر پێ ناخۆش بوو و نیگەرانی خۆیان پیشاندە ، بەڵام لە بەیاننامەیەكی كورتدا رایانگەیاند – رێز لە بریارەكەی هابرماس دەگرن-
جیگەی ئاماژە پیكردنە یۆرگن هابرماس بە گرنگترین فەیلەسوف و زانایانی سیسیولۆژی و سیاسی هاوچەرخ لەسەر ئاستی ئەڵمانیا و جیهان هەژمار دەكرێت و هەروەها بە گرنگترین تیوریستی قوتابخانەی فرانكۆفۆرتی رەخنەیی دادەنرێت و زیاتر لە 50 كتێبی لە بوارەكانی سیسیولۆژی و فەلسەفەی هەیە و خاوەنی تیوری كاری پیكەوە رۆیی یە ( The Theory of Communicative Action).
Top