دوای شەش ساڵ.. سعودیە خوازیارە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێراندا ئاسایی بكاتەوە

دوای شەش ساڵ..  سعودیە خوازیارە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێراندا ئاسایی بكاتەوە
میر محەمەد بن سەلمان جێنشینی شای سعودیە لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی بە چاوی وڵاتێكی دراوسێ دەڕوانێتە ئێران، ئاماژەشی بەوە كرد كە ئاواتەخوازە ریاز پەیوەندییەكانی لەگەڵ تاراندا ئاسایی بكاتەوە، ئەم لێدوانەی ناوبراویش دوای پچڕانی پەیوەندیی دیبلۆماسی دێت لەنێوان هەردوولا كە شەش ساڵە درێژەی هەیە.
بن سەلمان ئەوەشی ڕوون كردەوە كە وڵاتەكەی ناخوازێت ئێران بكەوێتە دۆخێكی سەختەوە، بەڵكو پێشخستنی پەیوەندییەكان لەگەڵ تاراندا لە بەرژەوەندیی هەردوو لادایە، بەڵام نەشیشاردەوە كە ریاز نیگەرانە لە ڕەفتاری ئێران تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی و پشتگیریكردنی میلیشیاكانی لە یاسا دەرچوو، بە تایبەتیش حوسییەكان كە لەو دیدارەدا جارێكی دیكە داوای كرد بێنە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، جەختیشی كردەوە كە ئێران بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتیی حوسییەكان دەكات، كە ئەمەش مایەی نیگەرانیی وڵاتەكەیەتی، سەرەڕای ئەوەی كە لە یەمەندا كودەتایان بەسەر شەرعییەتی ئەو وڵاتەدا كردووەو بەردەوامن كاری تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.









گوڵان: بەهادین جەلال



Top