وەزیری بەرگریی ئەمریكا: جەنگی داهاتوومان نەریتی و ئاسایی نابێت
بەپێی ڕاپۆرتەكانیش، لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریكا لە یەكەم وتاری سیاسیدا جەختی لەوە كردووەتەوە كە وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ ململانێی سەربازی لە ئایندەدا، بە گوتەی خۆیشی جەنگەكان ئاسایی و نەریتی نابن كە پێشتر ئەو جەنگانە ئەمریكای لە ڕووی ئۆپەراسیۆن و بەرگرییەوە زۆر سەرقاڵ كردبوو. ئۆستن لە وتارەكەیدا، زیاتر پشتی بە پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا بەستووە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان تاكو هەم خێراو هەمیش بە كەمترین زیان تەواو بن.
وەزیری بەرگریی ئەمریكا لە سەردانێكیدا بۆ بنكەی سەركردایەتیی ئەمریكا لە ئۆقیانۆسی پاسفیك لە هاوای ڕوونی كردەوە: جەنگەكانمان زۆر جیاواز دەبن، گوتیشی كە لە دوو دەیەی ڕابردوودا وانەو پەندی باش لەو جۆرە جەنگە نەریتییانە فێر بووە كە هەرگیز لەبیریان ناكات. بەڵام بە ئاشكراو ڕاشكاوی باسی ئەوەی نەكرد كە مەبەستی چ وڵاتێكە، بە تایبەتیش دوو ڕكابەرە سەرەكییەكەی ئەمریكا كە(چین یان ڕووسیا)ن، بە گوتەی شرۆڤەكاران ڕەنگە لێدوانەكانی ئۆستن زیاتر ئاراستەی ئەو دوو وڵاتە بێت كە گرژیی نێوانیان بەردەوام لە هەڵكشاندایە. هەروەها ئەو لێدوانانەش هاوكاتە لەگەڵ كشانەوەی بێ مەرجی ئەمریكا لە ئەفغانستان بە فەرمانی سەرۆك جۆ بایدن.
گوڵان: بەهادین جەلال
