سه‌رۆكی موسادی ئیسرائیلی له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كۆده‌بێته‌وه
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی به گهشبیینهوه سه‌یری گه‌رانه‌وه‌ی ئیداره‌ی بایدن بۆ ریككه‌وتنه ئهتومیهكهی له‌گه‌ڵ ئێران ( 5+1) ده‌كه‌ن، ئیسرائیل له‌سه‌ر ئاستی باڵای سیاسی و هه‌واڵگری شاندێكی ره‌وانه‌ی واشنتۆن كردووه بۆ ئه‌وه‌ی ئیداره‌ی بایدن له نیگه‌رانیه قووڵه‌كانی ئیسرائیل سه‌باره‌ت به پرۆگرامی ئه‌تۆمی ئێران تێبگه‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش جیا له باڵیوزی ئیسرائیل له واشنتۆن و ئه‌و شانده باڵا دپلۆماتیهی چه‌ند رۆژیكه له واشنتۆنن و دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی چر له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئیداره‌ی ئه‌مریكی و كۆنگریسمان و سیناتۆره‌كان ده‌كه‌ن، دوێنیش ئه‌نتونی بلیكن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئاژانسی هه‌واڵگری موساد و باڵیوزی ئیسرائیل له واشنتۆن كۆبووه.وه‌ك ئاژانسی رویتهرزیش له زاری كه‌سێكی ئاگاداره‌وه بڵاوی كردۆته‌وه ، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا شاندی ئیسرائیل نیگه‌رانیه‌كانی سه‌باره‌ت به پرسی ئه‌تومی ئیران بۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا روونكردۆته‌وه.
هه‌ر ئه‌و سه‌رچاوه ئاگاداره" به‌و مه‌رجه‌ی ناوی نه‌گوترێت" به رویته‌رزی راگه‌یاندووه ، ئه‌م كۆبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌رۆكی موساد و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ، دوای ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی نێوان جاك سولیڤانی راویژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مریكا و هاوشانه ئیسرائیلهكهی ئه‌نجامدرا ، له‌م كۆبونهوانهشدا ئیسرائیل راشكاوانه به ئه‌مریكای راگه‌یاندووه " ده‌بێت ئیسرائیل به‌و شێوه‌یه‌ی خۆی به گونجاوی ده‌زانێت ، به‌رامبه‌ر به ئێران ده‌ستی كراوه بێت.
