دزەكردنی تۆمارە دەنگییەكەی زەریفی هەرایەكی زۆری لە ئێران ناوەتەوە

دزەكردنی تۆمارە دەنگییەكەی زەریفی هەرایەكی زۆری لە ئێران ناوەتەوە

وا دیارە لێكەوتەكانی ئەو تۆمارە دەنگییەی دیداری محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران تا ئێستا هێور نەبووەتەوە، كە بە درێژایی ڕۆژانی ڕابردوو شەقامی ئێرانی بەخۆیەوە خەریك كردووە، ئەم ڕووداوە ڕەنگدانەوەی لایەنێكی هەیمەنەی عەسكەرتاریی دەردەخات، بەتایبەتیش پاسداران بەسەر سیاسەتی ناوخۆو دەرەوەی ئەو وڵاتە.
تازەترین لێكەوتەی ئەو تۆمارە دەنگییەش دەست لەكار كێشانەوەی حوسامەدین ئاشنا ڕاوێژكاری حەسەن ڕۆحانی سەرۆكی ئێرانە لە پۆستی سەرۆكی سەنتەری سەرۆكایەتی بۆ دیراساتی ستراتیژی كە ئەمڕۆ پێنج شەممە پێشكەشی كرد.
تۆڕی ئێران ئینتەرناسیۆناڵ ئاشكرای كرد كە عەلی روبەیعی وتەبێژی حكومەت لە شوێنی ناوبراو داندراوە، لە هەمان كاتدا ئاژانسی دەنگوباسی(تەسنیم) كە لە پاسدارانەوە نزیكە، ئاماژەی بەوە كردبوو كە دزەكردنی ئەو فایلە دەنگییەی دیدارەكە كە سەنتەری سەرۆكایەتی بۆ دیراساتی ستراتیژی ئەنجامی دابوو، ئەوە دەردەخات كە ئاشنا تا ڕادەیەك تۆمەتبارە چونكە خۆی بەرپرسی ئەو سەنتەرەیە.
دوای ئەو ڕووداوەش بڕیاردرا كە (15) كەس ڕێگەی گەشت و سەفەریان لێ بگیرێت، لەلایەكی دیكەشەوە فشارێكی زۆر لە ئارادایە بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری دەرەوە.
لەم چوارچێوەیەدا لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران بانگهێشتی زەریفی كردووە بۆ وەرگرتنی قسەكانی سەبارەت بەو تۆمارە دەنگییە كە بۆ میدیاكان دزەی كردووە.

گوڵان: بەهادین جەلال
Top