14 دەوڵەت چاودێریی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی سووریا دەكەن
ئەنجومەنی گەلی سووریا بە زۆرینەی دەنگ ڕەزامەندیی داوە بە بانگهێشت كردنی چەندین پەرلەمانی دەوڵەتانی عەرەبی و بیانیی(دۆست)، بۆ چاودێری كردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، كە لە مانگی ئایاری داهاتوودا لە سووریا بەڕێوە دەچێت.
ئاژانسی دەنگوباسی سووریا(سانا) ڕایگەیاندووە كە نوێنەرانی پەرلەمانی هەر یەك لە جەزائیرو عومان و مۆریتانیاو ڕووسیاو ئێران و چین و فەنزویلا و كوبا و بیلاڕووسیاو باشووری ئەفریقیاو ئیكۆادۆرو نیكاراگواو ئەرمنستان و پۆلیڤیا ئامادەی ئەو پرۆسەیە دەبن.
ئەم هەڵبژاردنەش بە دووەمین هەڵبژاردن دادەنرێت لەوەتەی سەرهەڵدانی شەڕ لە سووریا، كە جاری پێشتر بەشار ئەسەدی سەرۆكی ئێستا لە ساڵی 2014 بە ڕێژەی 88% سەركەوتنی بەدەست هێنابوو.
بەپێی هەموو پێشبینییەكانیش، بەشار ئەسەد جارێكی دیكە دەردەچێتەوەو حەوت ساڵی دیكەش وەك سەرۆك كۆمار حوكمی سووریا دەكات.
گوڵان : بەهادین جەلال
