جۆ بایدن و رەجەب تەیب ئەردۆگان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجام دەدەن

جۆ بایدن و رەجەب تەیب ئەردۆگان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجام دەدەن
کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجامداوە هەردولا باسیان لەچارەسەری کێشەکانی نێوان واشنتن-ئەنقەرە کردوە، بڕیاریشە مانگی حوزەیران هەردولا کۆبونەوەی لوتکە ئەنجام بدەن.

بەردەوامی هەماهەنگی نێوان هەردو وڵات بۆ چارەسەری کێشەکان گفتوگۆی لەسەر کراوە
کۆشکی سپی لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بەردەوامی هەماهەنگی نێوان هەردو وڵات بۆ چارەسەری کێشەکان گفتوگۆی لەسەر کراوە و واشنتن خواستی خۆی بۆ چارەسەری کێشەکان دەربڕیوە.
بڕیارە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، جۆ بایدن و رەجەب تەیب ئەردۆگان کۆببنەوە
باس لەوەشکراوە، بڕیارە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە کۆبونەوەی لوتکەی وڵاتانی ئەندام لەرێکخراوی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ)، جۆ بایدن و رەجەب تەیب ئەردۆگان کۆببنەوە و بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە هەرێمایەتییەکان.

هاوکات ماڵپەڕی سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە، لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بایدن بە ئەردۆگانی وتوە بەنیازە کوشتاری ئەرمەنەکان وەک جینۆساید بناسێت.



چاوەڕێ دەکرێت سبەی شەممە جۆ بایدن کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە بە جینۆساید بناسێنێت
لەلایەکی دیکەشەوە دوێنێ 100 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا نامەیەکیان بۆ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ناردوە و داوای لێدەکەن وەک سەرۆکی ئەمریکا و یەکەمین سەرۆکیش لە مێژودا بە فەرمی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان بە جینۆساید بناسێنێت، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت سبەی شەممە جۆ بایدن کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە بە جینۆساید بناسێنێت، ئەوەش پێدەچێت پەیوەندییەکانی ئەنقەرە-واشنتن بەرەو ئاڵۆزی زیاتر ببات.





خەندان-
Top