سەرۆکی یەکێتیی ئەوروپا: بەهۆی کێشەی کورسییەکەوە لەگەڵ ئەردۆغان، شەوان خەوم نەماوە
کۆتاییەکانی هەفتەی رابردوو سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا لە کۆشکی سەرۆکایەتیی تورکیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە، بەڵام تەنیا دوو کورسی دانرابوو و چارلس میشێل لەپاڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەر کورسییەکە دانیشت.
ئەوە وایکرد ئۆرسولا ڤۆندێرلاین بەپێوە بوەستێت و بە گوتنی "ئحم" کاردانەوەی بۆ رووداوەکە پێشاندا. بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی دواتر بڵاوکرانەوە، ڤۆندێرلاین لەسەر قەنەفەیەک دانیشتوو و بەشداریی کۆبوونەوەکە بوو.
ئەو رووداوە پێشینەیەکی هەیە، کاتێک لە ساڵی 2017 رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی بروکسلی کرد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا و سەرۆکی ئەنجوومەن لەگەڵیدا لەسەر کورسییەکان لە تەنیشتییەوە دانیشتن.
رووداوەکە دوای ئەوەی ڤیدیۆکەی بڵاوبووەوە، خەڵکانێکی زۆر رەخنەیان لە چارلس میشێل و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گرت، بەتایبەتی میشێل کە خۆی دانیشتووە و هاوڕێکەی بەپێوە وەستاوە.
چارلس میشێل رووداوەکە بە "خەجاڵەتهێنەر" ناودەبات و بە رۆژنامەی Handelsblattـی ئەڵمانی گوتووە، "ئەوە نهێنی نییە کە لەو کاتەوە شەوان باش خەوم لێناکەوێت، لەبەر ئەوەی دیمەنەکان لە مێشکمدا دووبارە دەبنەوە"، ئەوەشی گوتووە، ئەگەر رێگەیەک هەبووایە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە و ئەو دۆخە چاک بکاتەوە، ئەوە دەیکرد.
ئەوە لەکاتێکدایە، مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رەتیکردەوە ئامادەکاریی تەواو نەکرابێت و گوتی، "پرۆتۆکۆڵی سەرۆکایەتیی لە ئاستی داخوازییەکانی لایەنەکەی یەکێتیی ئەوروپا بووە. بە واتایەکی دیکە، رێکخستنی دانیشتنەکە لە ئاستی خواست و پێشنیازەکانیان دیزاینکراوە."
rudaw -
