نیۆیۆرک تایمز: ئیسرائیل کەشتییەکی سەربازیی ئێرانی کردە ئامانج
سەرەتا شەوی سێشەممە میدیاکانی ئیسرائیل و تۆڕی میدیایی ئەلعەرەبییە بڵاویان کردەوە کە کەسانێکی نەناسراو لە دەریای سوور و لە نزیک کەنارەکانی یەمەن کەشتییەکی سەربازیی سەر بە سوپای پاسدارانیان کردووەتە ئامانج.
نیۆیۆرک تایمز لەمبارەوە نووسیویە لە حاڵێکدا هەواڵی هێرش بۆ سەر کەشتییەکی سەربازیی ئێرانی لە دەریای سوور بڵاو بووەتەوە کە لە ڕۆژانەدا میدیاکان باس دەسپێکی دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئێران و ئەمریکا لە ڤییەن دەکەن و ئامانج لەم گفتوگۆیانە بووژانەوەی ڕێککەوتنی ئەوتۆمیی ئێرانە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، کەشتیی (ساویز) گەرچی لەباری تەکنیکییەوە وەک کەشتییەکی بارهەڵگر دێتە ئەژمار، بەڵام وا دیارە ئەمە یەکەم کەشتیی سەربازییە کە لە تێکهەڵچوونی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا کراوەتە ئامانج.
ماڵپەڕی (تەسنیم)ی سەر بە سوپای پاسداران لەمبارەوە نووسیویە، بەپێی زانیارییەکان کەشتیی ساویز بەهۆی تەقینەوەی چەندین مین بە لاشەیەوە تووشی خەسارێکی زۆر بووە.
تۆڕی میدیایی (کان)ی ئیسرائیل لەمبارەوە لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە ئەنجامدەرانی هێرش بۆ سەر کەشتییە ئێرانییەکە هەڵگری پەیامێکی تەیبەتن بۆ ئێران.
لە چەند مانگی ڕابردوودا ئێران و ئیسرائیل چەندین کەشتیی یەکدترییان کردووەتە ئامانج کارناسانی سەربازی لەو باوەڕەدان گرژی و ئاڵۆزیی نێوان ئەو دوو وڵاتە بووەتە شەڕێکی ڕانەگەیەندراوی دەریایی.
باسنيوز
