پیاوێک دەیەوێت زیدان دەربکات و رۆناڵدۆش بگەڕێنێتەوە

پیاوێک دەیەوێت زیدان دەربکات و رۆناڵدۆش بگەڕێنێتەوە
ئێنریکی ریکێلمی، بەربژێری هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لە لێدوانێکی چاوەڕواننەکراودا، گوتی "ئەگەر ببمە سەرۆکی یانە ناهێڵم زینەدین زیدان راهێنەری ریال مەدرید بێت".

بزنسمانی لاو، ئێنریکی ریکێلمی، رایگەیاند کە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی داهاتووی ریال مەدریددا خۆی کاندید دەکات و ئاماژەی بەوەشدا ئەگەر لە هەڵبژاردندا سەرکەوتن بەدەستبێنێت، رێگە نادات زینەدین زیدان بە راهێنەر بۆ یانەی شاهانە بمێنێتەوە.

ئێنریکی رێکێلمی لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا، هێرشی کردە سەر فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ئیستای یانەی ریال مەدرید و گوتی "فلۆرێنتینۆ پێرێز بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو داوایکرد هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ریال مەدرید لە نیوەی وەرزدا بکرێن، من چاوەڕوانی زۆر شتم دەکرد، بەڵام چاوەڕوانی کارێکی لەو جۆرەم نەدەکرد".

ئێنریکی ریکێلمی

ئەو هەروەها گوتی "لە منیان پرسی کە فلۆرێنتینۆ پێرێز دەتوانێت چی بکات بۆ ئەوەی ئازارت بدات؟ منیش گوتم، ئەگەر کەسێک بیەوێت شتێکی زیانبەخش بەرامبەرم بکات، ئەوە بۆ من بانگەشەیەکی باش دەبێت بۆ هەڵبژاردن".

ریکێلمی لە بەردەوامی قسەکانیدا، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە لە مانگی ئابدا تەمەنی ئەندامیەتی ئەو لە یانەکەدا دەبێتە 21 ساڵ و گوتی "سامانێکی زیاتر لە 90 ملیۆن یۆرۆی پێویست هەمە، 100 ملیۆن یۆرۆ وەک گەرەنتی دادەنێم".

ئێنریکی ریکیێلمێ، هەروەها روونیکردەوە "من و بەڕێوەبەری گشتیی وەرزشیی پرۆژەکەم، قسەمان لەگەڵ مینۆ رایۆلا کردووە سەبارەت بە ئێرلینگ هالاند، لەبارەی ئەو یاریزانەوە زۆر پرسیارمان لێیکردووە، نرخێکی زۆر سەرنجڕاکێشمان بۆ بۆروسیا دۆرتمۆند دەست دەکەوێت".

ئێنریکی ریکێلمی ئەوەشی گوت "ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەستبێنین هەوڵدەدەین کریستیانۆ رۆناڵدۆ بگەڕێنینەوە ریزەکانی ریال مەدرید".

ئەو بەربژێرەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتی یانەی ریال مەدرید، لەسەر ئایندەی زینەدین زیدانی راهێنەری ریال مەدریدیش قسەی کرد و گوتی "ئەگەر لە هەڵبژاردندا سەرکەوتن بەدەستبێنم، رێگە نادەم زیدان بە راهێنەری ریال مەدرید بمێنێتەوە، من خۆم زۆر حەزم لە یۆرگن کلۆپە، هەروەها رائولیش زۆر بەباشی کاری خۆی دەکات".

لەسەر تازەکردنەوەی گرێبەستی سێرخیۆ رامۆسیش، ریکێلمی گوتی "ئەوە پشت بە زۆر شت دەبەستێت، ئەو یاریزانێکی گەورەیە، ئەی بۆ نا؟! بەوەی کە ئێستا وەریدەگرین بۆی نوێ دەکەمەوە".
rudaw -
Top