دوای رێککەوتنی ئۆپیک پڵەس، بەهای نەوت دابەزی
دوای ئەوەی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت و روسیا رێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی رێکارەکان و زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بەسێ قۆناغ، بەهای نەوت لەبازارەکانی جیهان دابەزی و نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت بە 64.20 دۆلار و نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی خاوی ئەمریكاش بە 60.86 دۆلار مامەڵەی پێوەكرا.
لەدواین کۆبونەوەیاندا بڕیاریانداوە بە سێ قۆناغ هەناردەی نەوت بەرزبکەنەوە
هۆکاری سەرەکی دابەزینی بەهای نەوت پەیوەندی هەیە بە رێککەوتنی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت، روسیا و هاوپەیمانەکانیان کە ناوسراون بە "ئۆپیک پڵەس"، چونکە لەدواین کۆبونەوەیاندا بڕیاریانداوە بە سێ قۆناغ هەناردەی نەوت بەرزبکەنەوە بەجۆرێک مانگی (ئایار/5) ئاستی هەناردەی نەوت 350000 (سێ سەد و پەنجا) هەزار بەرمیل بەرز دەکرێتەوە.
لەرێککەوتنەکەدا باس لەوەشکراوە، مانگی (حوزەیران/6) ئۆپیک پڵەس 350000 (سێ سەد و پەنجا) هەزار بەرمیل نەوتی دیکەش وەک هەناردەی ئەو مانگە بەرزدەکاتەوە، لەمانگی (تەمموز)ـیشدا ئاستی هەناردەکردن نزیکەی 400000 (چوار سەد هەزار) بەرمیل بەرزدەکرێتەوە.
مانگی تەمموزی ئەمساڵ ئاستی هەناردەکردن بەرێژەی ملیۆنێک بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرزدەکاتەوە
لەناو وڵاتانی هەناردەکاری نەوتدا سعودیە وەک گەورەترین هەناردەکاری نەوت لەجیهان، بڕیاریداوە بەقۆناغ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزبکاتەوە، بەجۆرێک تا مانگی تەمموزی ئەمساڵ ئاستی هەناردەکردن بەرێژەی ملیۆنێک بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرزدەکاتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە وەبەرهێنەران و بازاری وزە چاودێری کۆبونەوەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەن کە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڤییەننا بەڕێوەدەچێت، کۆبونەوەکە لەبارەی کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 یە لەگەڵ کەمکردنەوەی سزاکانی سەر کەرتی ئابوری و وزەی ئێران، ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر ئاستی خواست و خستنەڕوی نەوت و بەهاکەی لەبازارەکانی وزەدا.
باسنيوز
