جێگری سەرۆك وەزیرانی ئوردن: شازادە حەمزە و كەسانی دیكەی لە پیلانەكە تێوەگلاون رادەستی دادگا دەكرێن

جێگری سەرۆك وەزیرانی ئوردن: شازادە حەمزە و كەسانی دیكەی لە پیلانەكە تێوەگلاون رادەستی دادگا دەكرێن
جێگری سەرۆك وەزیرانی ئوردن، ئەیمەن سەفەدی رایگەیاند، شازادە حەمزە و كەسانی دیكەی تێوەگلاو لەو پیلانەی دژ بە شانشین دارێژرابوو، رادەستی دادگای ئەمنی دەوڵەت دەكرێن.

سەفەدی لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئەمڕۆ یەكشەممە، گوتی: كۆنترۆڵی جوڵانەوەكانی جێبەجێكردنی پیلانی قیزەوەر بۆ تێكدانی سەقامگیری ئوردن كرا. شازادە حەمزەشی بە ھاندەری ئەم پیلانە تۆمەتباركرد لە میانی گرتەیەكی ڤیدیۆیی تۆماركراودا و ھەوڵیداوە بۆ تێكدانی سەقامگیری شانشین بە ھاوكاری لەگەڵ كەسانی دیكە.

سەفەدی گوتیشی: "شازادە حەمزە ئەو داوایانەی فەرامۆش دەكرد، كە ئاراستەی دەكران بۆ كارنەكردن لە گەڵ ئەو چالاكییانەی دژ بە ئوردنن. ئاماژەشیكرد، چاودێری پەیوەندی سەرۆكی پێشووی دیوانی شاھانە، باسم عەوزوڵڵا و شەریف حەسەن بن زەید و شازادە كراوە و پەیوەندیش لە نێوان عەوزوڵڵا و ھەندێك لایەنی دەرەكی ھەیە.

جێگری سەرۆك وەزیرانی ئوردن جەختیكردەوە، دەزگاكانی ئەمنی چاودێرییانكردووە، پیاوێك، كە پەیوەندیی لەگەڵ دەزگا بیانییەكان ھەیە، گفت و باس لەگەڵ ژنی شازادە حەمزە كردووە و پێشنیازی بۆ كردووە دەستبەجێی فڕۆكەیان بۆ دابین بكەن بۆ ئەوەی بچنە وڵاتێكی بیانی.

ئاماژەشیكرد، جگە لە باسم عەوزوڵڵا و شەریف حەسەن بن زەید نزیكەی 14-16 كەس دەستگیركراون و جەختیكردەوە لەوەی ئەمنی ئوردن لەسەرووی ھەموو شتێكە.

جێگری سەرۆك وەزیرانی ئوردن گوتی: "لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن، وردكارییەكانیان لەم قۆناغەدا ئاشكرا ناكەین" و سەبارەت بەو پەیوەندییانەی لەگەڵ لایەنە دەرەكییەكان كراون، لە دوای تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكان؛ وردەكارییەكانیان بەڕوونی و شەفافانە بڵاودەكرێنەوە".

گوتیشی: "ئاشكرابووە و سەلمێنراوە، كە ئەو جوڵانەوانە، ئەمنی نیشتمان دەبڕێت و ئەمن و سەقامگیری ئوردن لە سەرووی ھەر شتێكن، دەوڵەتیش بە كارامەیی كەوتە خۆی و ئەو جوڵانەوانەی ھەر لە بێشكەدا راگرت و ئەمن و سەقامگیری ئوردنی پاراست".

بەردەوام بوو لە قسەكانی و گوتی: "ئەوەی پەیوەستە بە شازادە حەمزە، ھەندێك ھەوڵ ھەن بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی خانەوادەی ھاشمی مامەڵە لەگەڵ بابەتەكە بكەن، بەڵام لە كۆتاییدا، یاسا لە سەرووی ھەمووانە، ئەمن و سەقامگیری ئوردنیش لەسەرووی ھەمووانە و رێكارە پێویستەكان دەگیرێنەبەر".

پەیوەست بەو كەسایەتیانەی كە دەوێنێ شەممە دەستگیركران، سەفەدی گوتی: "ئاماژەم كرد، ھەندێك كەسمان گرتووە لە بازنەی دەوروبەری شازادە حەمزە، ھەندێك كار دەكەن و ھەندێكیان نا".
k24 -
Top