وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پەیوەندیی بونیادنەرانەی هەولێر و بەغدا لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پەیوەندیی بونیادنەرانەی هەولێر و بەغدا لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا دەڵێت، پەیوەندی بونیادنەرانەی نێوان هەولێر و بەغدا لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە، هەروەک چۆن لە بەرژەوەندیی هەردوولا دایە."

لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە لە واشنتن دی سی، رۆژ عەلی زاڵە، پەیامنێری رووداو لە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پرسی، هەندێک راپۆرتی لۆکاڵی ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک میلیشیای عێراقی دەڵێن، ئەوان هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان رادەگرن بەو مەرجەی کە ئەمریکا هێزەکانی لەماوەی ساڵێکدا بکشێنێتەوە. ئایا ئەوە شتێکە کە ئامانجی ئێوەش بێت و بتانەوێت هێزەکانتان بکشێننەوە؟

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەڵامی دایەوە کە نایەوێت قسە بکات لەسەر ویستی "ئەو میلیشیایانەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیان دەکرێت و لەناو عێراقدان." گوتی "ئەوەی کە دەتوانم بیڵێم و دەیڵێم ئەوەیە کە ئێمە پەیوەندییەکی ستراتیژییمان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە. تاوەکو ئێستا دوو گەڕی دیالۆگی ستراتیژی بەڕێوەچوون. ئەو هاوبەشیەش کە هەیە لە بەرژەوەندی هەردوو وڵاتدایە و چاومان لەوەیە لە رۆژان و هەفتەکانی داهاتوویشدا بەهێزتری بکەین."

دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رۆژ عەلی زاڵە، پەیامنێری رووداو لەگەڵ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:

رۆژ عەلی زاڵە: لە عێراقەوە دەستپێدەکەم. عێراقییەکان و سەرکردایەتیی کورد دواجار گەیشتنە رێککەوتن لەبارەی بودجە. دەمەوێت بزانم کە ئایا قسەیەکتان لەوبارەوە هەیە؟ بابەتێکی گرنگی دیکەش هەیە کە ئەویش ئەوەیە، هەندێک راپۆرتی لۆکاڵی ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک میلیشیای عێراقی دەڵێن، ئەوان هێرشەکانیان بۆسەر هێزەکانی هاوپەیمانان رادەگرن بەو مەرجەی کە ئەمریکا هێزەکانی لەماوەی ساڵێکدا بکشێنێتەوە. ئایا ئەوە شتێکە کە ئامانجی ئێوەش بێت و بتانەوێت هێزەکانتان بکشێننەوە؟

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: روونە کە نامەوێت قسە بکەم لەسەر ویستی ئەو میلیشیایانەی لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتیان دەکرێت و لەناو عێراقدان. ئەوەی کە دەتوانم بیڵێم و دەیڵێم ئەوەیە کە ئێمە پەیوەندییەکی ستراتیژییمان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە. تاوەکو ئێستا دوو گەڕی دیالۆگی ستراتیژی بەڕێوەچوون. ئەو هاوبەشیەش کە هەیە لە بەرژەوەندی هەردوو وڵاتدایە و چاومان لەوەیە لە رۆژان و هەفتەکانی داهاتوویشدا بەهێزتری بکەین.

رۆژ عەلی زاڵە: هیچ قسەیەکتان هەیە لەبارەی پرسی نێوان هەولێر و بەغدا؟ ئەوە بابەتێکە کە ئەمریکا کاری لەسەربکات و هەوڵبدات لە یەکیان نزیک بکاتەوە بۆئەوەی بگەنە رێککەوتن؟

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پەیوەندی بونیادنەرانە لەنێوان هەولێر و بەغدا لە بەرژەوەندی ئێمەدایە، هەروەک چۆن لە بەرژەوەندی هەردوولادایە.

رۆژ عەلی زاڵە: پرسیارێکی دیکە لەبارەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. دوو رۆژ پێش ئێستا، نوێنەرایەتیی ئەنجوومەنی دیموکراسی سووریا لێرە نووسی کە "سەرۆک بایدن دەتوانێت بە جیهانی پیشان بدات کە ئێمە دەتوانین جارێکی دیکە متمانە بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بکەینەوە، ئەوەش بە داواکردن لە تورکیا بۆئەوەی لە سووریا بکشێتەوە؟ ئایا ئێوە داوا لە تورکیا دەکەن بۆئەوەی لە عەفرین و ناوچەکانی دیکە بکشێتەوە کە چەندین راپۆرتی پێشێلکاری مافی مرۆڤمان تێدا بینیون؟

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ئێمە قسەمان کردووە لەبارەی هاوبەشیمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان لەسەر زەوی و ئەو هاوبەشانەی کە پێکەوە کاریان لەگەڵ دەکەین بۆئەوەی کاریگەرییمان لەو ئەرکە گرنگەدا هەبێت، کە ئەویش هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی داعشە کە ماوەیەکە ئەنجامی دەدەین، بەڵام قسەیەکی تایبەتم لەسەر ئەو بابەتە نییە کە ئێوە ئاماژەتان پێدا.

رۆژ عەلی زاڵە: لە چارەسەری سیاسییدا بۆ سووریا، شوێنێک بۆ هەسەدە دەبێت؟

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: نامەوێت قسە لەسەر ئەوە بکەم کە ئەو چارەسەرە سیاسییە چۆن دەبێت. ئومێدەوارم لەو بوارەدا پێشکەوتن بەدەستبهێنین. دەبێت ئاماژە بەوە بکەم کە سەرەتای ئەم هەفتەیە گوێتان لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو کە ئاماژەی بە گرنگی گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ سووریا کرد؛ هەروەها گوێتان لە لێندی تۆماس گرینفیڵد، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بوو کە لە بارەی پابەندبوونی تەواوی ئێمە بۆ گەلی سووریا قسەی کرد کە نزیکەی 500 ملیۆن دۆلارە کە ئەم هەفتەیە وەک یارمەتی ئەمریکا راگەیێندرا.

rudaw -
Top