کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا تایبەت بە سووریا 6.4 ملیار دۆلاری کۆکردەوە
جانێز لینارسیس، کۆمیسیاری یەکێتیی ئەوروپا بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان دەڵێت "بە شانازییەوە کۆی گشتیی ئەو بڕە پارەیە رادەگەیێنم کە لە کۆنفرانسی ئەمساڵی برۆکسل تایبەت بە سووریا دابینکراوە. بڕە پارەکەش 6 ملیار و 400 ملیۆن دۆلارە".
لەو 6.4 ملیار دۆلارە، 4.4 ملیاری لە ئەمساڵدا وەکو خەڵات، نەک قەرز، دەدرێت و دوو ملیارەکەی دیکەش لە ساڵی 2022 ئەویش وەک خەڵات بۆ قەیرانی سووریا خەرجدەکرێت.
کۆنفرانسەکە بە ئۆنلاین بەڕێوەچوو، تێیدا 27 وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا و چەند وڵات و رێکخراوێکی دیکەی جیهانی بەشدارییان کرد. جگە لە پارەی خەڵاتکراو، بەڵێنی قەرزیش دراوە.
کۆمسیاری یەکێتیی ئەوروپا بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان گوتیشی "جگە لەو پارانەی کە خەڵات کراون، دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی کۆمەکبەخش بڕیاری پێدانی قەرز بە بڕی حەوت ملیار دۆلاریان داوە. من لێرەوە سوپاسی ئەو لایەنانە دەکەم و سوپاسی مارک لاوکوک، بریکاری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەم بۆ ئەو هەڵوێستە مرۆییانەی کە لەئاست ئێمەدا خستیانەڕوو".
مارک لاوکوک، بریکاری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی رایگەیاند "بیر لە بەڕێوەبەرانی ئاژانسە مرۆییەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها سەرکردەی وڵاتان و بەرپرسانی رێکخراوە ناحکومییەکان دەکەمەوە. هەموو ئەوانە بڕیاری هاوکاریکردنی گەلی سووریایان داوە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتیش".
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە زیاتر خراپبوونی بارودۆخی سووریا دەکات و دەڵێت، سووریا 10 ساڵە رووبەڕووی مردن، نەخۆشی، وێرانکاری و ئاوارەبوون بووەتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت 10 ملیۆن سووری ئاوارەن و 10 ملیۆنی دیکەش پەنابەری وڵاتانی ناوچەکەن، ئەوانەش پێویستیان بە لانیکەم 10 ملیار دۆلاری ئەمریکییە و زۆرجاریش بەڵێنی وڵاتان بە پێشکێشکردنی هاوکارییە داراییەکانیان، تەنیا وەکو مەرەکەبی سەر کاخەز و میدیا دەمێنێتەوە.
rudaw -
