حزبەکەی ئەردۆغان لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە وەڵامی ئۆپۆزسیۆن دەداتەوە

حزبەکەی ئەردۆغان لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە وەڵامی ئۆپۆزسیۆن دەداتەوە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتداری تورکیا لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، وەڵامی ئۆپۆزیسیۆن دەداتەوە.

جاهید ئۆزكان، سەرۆكی فڕاكسیۆنی ئاکەپە لە پەرلەمانی توركیا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رەتی کردووەتەوە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە تورکیا بکرێت و رایگەیاندووە، هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا دەكرێت.

پێشتر كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)ی ئۆپۆزیسیۆن رایگەیاندبوو، لە پاییزی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە تورکیا ئەنجام دەدرێت.

جاهید ئۆزکان لێدوانەکەی کەمال کلیچدارئۆغڵوی بە ”ناوەڕۆک پووچ“ ناو بردووە و رایگەیاندووە، ئەوانە هەموو جارەکان لەسەر بنەمای ناڕاست، ئومێد بۆخۆیان دروست دەکەن، ”هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی تورکیا لە 2023 و لە کاتی خۆیدا، ئەنجام دەدرێت“.

ئاکەپە حزبێی تورکیی سەر بە رەوتی ئیخوان موسلیمینی جیهانە و لە ساڵی 2002ـەوە حوکمڕانیی تورکیا دەکات. رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆماری تورکیا سەرۆکایەتیی ئاکەپە دەکات.




باسنیوز
Top