خولیاکانی ڤلادیمێر پوتین ئاشکرا دەکرێن
گوتەبێژ سەرۆکایەتیی کۆماری رووسیای فیدراڵ خولیاکانی سەرۆکی وڵاتەکەی، ئاشکرا دەکات.
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیا بە ماڵپەڕێکی وڵاتەکەی رایگەیاندووە، خولیای سەرەکیی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی وڵاتەکەی ”خوێندنەوە“یە، بەتایبەت خوێندنەوەی یاداشتە مێژووییەکان.
دیمیتری پیسکۆڤ هەروەها رایگەیاندووە، ڤلادیمێر پوتین بەردەوام رۆژنامەکان دەخوێنێتەوە و یاریدەدەرەکانیشی بەردەوام کورتەیەک لە هەواڵ و رووداوەکانی پێدەگەیەنن.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە سەرۆکی وڵاتەکەی ناوە ناوە کۆرسی زمانی ئینگلیزی وەردەگرێت و لە سەیرکردنی کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکانیش، سەیری کەناڵە ئەڵمانی و ئینگلیزییەکان دەکات.
پوتین، کە لە ساڵی 1952 لە شاری لینینگراد لەدایک بووە، دوای دەست لەکارکێشانەوەی بۆریس یەڵسن لە سەرۆکایەتیی رووسیا لە کۆتایی مانگی 12ـی ساڵی 1999، بە دوو شێواز سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی گرتووەتە دەست.
- لە ساڵەکانی 2000 تا 2008 (دوو خول)، سەرۆک کۆماری رووسیا بوو.
- لە ساڵی 2008 تا 2012 دیمیتری میدڤیدیڤ سەرۆکی رووسیا بوو و پوتین بە هەموو دەسەڵاتەکانی سەرۆکی رووسیاوە، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە بوو.
- لە ساڵی 2012 و دواتریش لە ساڵی 2018 بە سەرۆکی رووسیا هەڵبژێردرایەوە و تا ساڵی 2024 سەرۆکی وڵاتە.
- لە ساڵی 2020 دەستووری رووسیا هەموار کرایەوە و پەسەند کرا، کە بەهۆیەوە پوتین دەتوانێ بۆ دوو خولی دیکە و تا ساڵی 2036، سەرۆکایەتیی رووسیا بکات.
باسنيوز
