بەشێک لە رۆژنامەڤانان لە رووسیا رووبەڕووی هەڕەشەی دەسەڵات دەبنەوە

بەشێک لە رۆژنامەڤانان لە رووسیا رووبەڕووی هەڕەشەی دەسەڵات دەبنەوە
باڵەخانەی رۆژنامەی نۆڤایا گازێتا لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیایە، بەڵام رۆژنامەڤانانی رۆژنامەکە بەردەوام بە ترس و دڵەڕاوکێوە دەچنە سەر کار و بە نیگەرانییەوە دێنە دەرەوە؛ ئەوان لە دەستی زاڵی حکومەتەکەی پووتین دەترسن.

دیمیتری موراتۆڤ، سەرنووسەری رۆژنامەی نۆڤایا گازێتا دەڵێت "ئەمە جۆرێكە لە هەڕەشەکردن. ئەوان بە دەست ئەنقەست گازی ژەهراویی ناکوشندە بەکاردەهێنن تاوەکو رۆژنامەڤانانمان بترسێنن".

لە ساڵی 2000ەوە کە پووتین بووە سەرۆکی رووسیا، تاوەکو ئێستا لانیکەم 20 رۆژنامەڤان کوژراون، بەبێ ئەوەی هیچ کەس و لایەنێك سزابدرێت.

سەرنووسەری رۆژنامەی نۆڤایا گازێتا ئاماژە بەوە دەکات "ئەم رۆژنامەیە ژیانی رۆژنامەڤانەکانی دەخاتە مەترسییەوە، بۆیە کاتێک کە ئانای هاوڕێمان لە ساڵی 2006دا کوژرا، ویستم رۆژنامەکە دابخەم، بەڵام رۆژنامەڤانانی رۆژنامەکە ئەوەیان رەتکردەوە. بۆیە ئێمە ناچینە هیچ شوێنێک و ناشبینە سیخوڕی وڵاتانی دەرەوە و پارەیان لێوەرگرین، ئێمە لە رووسیا کاردەکەین و هەر لێرەش دەمێنینەوە".

تەمەنی رۆژنامەی نۆڤایا گازێتا نزیکەی 30 ساڵە، بە یەکێک لە رۆژنامە سەربەخۆکانی رووسیا دادەنرێت کە هێشتا رەخنە لە حکومەت دەگرێت و مەلەفە سیاسی و کۆمەڵایەتییە جێباسەکانی رۆژ دەخاتەڕوو.

دێنیس کۆرۆتۆڤ، رۆژنامەڤان دەڵێت " ئەگەر ئێمە ژیانمان بەم جۆرە بژین، ئەوا شتێك بەناوی رۆژنامە نامێنێتەوە و تەنیا رۆژنامەگەریی فریلانسمان [ئازادمان] دەبێت. ئەگەر هەر رۆژنامەڤانێک لەسەر یەک هەواڵ ناچاربێت وڵات جێبهێڵێت، ئەوا ماوەیەکی دیکە یەک کاروان لە رۆژنامەڤانانی هەڵاتوومان دەبێت".

هەوڵدانی کرملین، بە گوتەی میدیاکاران، بۆ کۆنترۆڵکردنی تەلەفۆنە زیرەکەکانی رۆژنامەڤانان لەڕێگەی بەرنامە تایبەتەکانەوە و هەروەها سیخوڕیکردن بەسەر کار و ژیانیان، وایلێکردوون رێگەی هەڵاتن و کۆچکردن بۆ دەرەوەی رووسیا، بەتایبەتی وڵاتی لاتڤیا، هەڵبژێرن.
rudaw -
Top