نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان سەردانی تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە دەکات
زاڵمای خەلیلزاد نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان بەرەو تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە بەڕێکەوتوە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەراگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، زاڵمای خەلیلزاد نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان بەرەو تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە بەڕێکەوتوە، لەهەوڵی رازیکردنی لایەنەکانی ئەفغانستاندایە بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوە لەتورکیا و کۆتایهینان بەناکۆکییەکانیان.
سەرۆکی ئەمریکا بڕیار لەسەر دوا مەوڵەتی 1-ی ئایار بۆ ئەگەری کشانەوەی 3 هەزارو 500 سەربازی ئەمەریکا لە ئەفغانستان دەدات
ئەمەش لە کاتێکدایە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بڕیار لەسەر دوا مەوڵەتی 1-ی ئایار بۆ ئەگەری کشانەوەی 3 هەزارو 500 سەربازی ئەمەریکا لە ئەفغانستان دەدات، ئەوەش بەپێی ئەو ڕێککەوتنی ئیدارەی ترامپ لەگەڵ تاڵیبان کە دەبێت تەواوی سەربازانی ئەمەریکا تا ئەو کاتە لەئەفغانستان بکشێنەوە.
ئیدارەکەی بایدن هەوڵیداوە فشارێکی نێودەوڵەتی لەسەر تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتگیری دەکرێت دروست بکات بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنی ئاشتی و ئاگربەست پێش وادەی کۆتایی.
تاڵیبان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند هێرشەکانی دژ بە هێزە بیانییەکان دەستپێدەکاتەوە، کە بە پێی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ئەمەریکا ڕایگرتبو، ئەگەر بێتو هێزەکان لە کاتی دیاری کراو بەدواوە لە وڵاتەکە بمێننەوە.
بایدنیش ڕؤژی پێنجشەممە وتی سەختە لەوادەی دیاری کراودا هێزەکان بکشێنینەوە، کە پێویستە 7 هەزار هێزی هاوپەیمانانیش بکشێنەوە.
تاڵیبان ئاماژەی بەوەش کرد، پابەندە بەو ڕێککەوتنەوە کە بە " ژیرانەترین و کورتترین ڕێگا " ناوزەند کردوە بۆ کۆتاییهێنان بە 20 ساڵ شەڕ لە ئەفغانستان."
خەندان-
