بەریتانیا: پاڵپشتیی سعودیە لە دژی هێرشی حوسییەکان دەکەین

بەریتانیا: پاڵپشتیی سعودیە لە دژی هێرشی حوسییەکان دەکەین
باڵوێزی بەریتانیا لە شانشینی عەرەبستانی سعودیە پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ سعودیە، رادەگەیەنێت.

ماڵپەڕی کەناڵی (ئەلعەرەبییە) لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، لە زاری نیل کرۆمپتۆن، باڵوێزی بەریتانیا لە ریازی پایتەختی سعودیە، بڵاوی کردووەتەوە، کە بەریتانیا ئاگادارە لەوەی ئەو چەکانەی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان) هێرشیان پێدەکاتە سەر سعودیە، لە ئێران دروست کراون.

هەروەک ئەلعەرەبییە بڵاوی کردووەتەوە، نیل کرۆمپتۆن پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ سعودیە لە دژی هێرشەکانی حوسییەکان، راگەیاندووە.

حوسییەکان بەردەوام بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان فڕۆکەخانە، بنکە سەربازییەکان و شارەکانی باشووری سعودیە دەکەنە ئامانج.

حوسییەکان بزووتنەوەیەکی شیعەمەزهەبی یەمەنین و کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکاریی ماددی، مەعنەوی و لۆجیستییان دەکات.

لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێ کرد، حوسییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆن راگەیاند و لە مانگی ئەیلوولی 2014ش کودەتایان بەسەر حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیاندا کرد و دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و زۆرینەی ناوچەکانی وڵاتەکەیاندا گرت.






باسنيوز
Top