بە بەكارھێنانی 520 بۆمبی ئەتۆمی.. ئەمەریكا پلانی بۆ درووستكردنی شوێنگرەوەی "كەناڵی سوێس" ھەبووە
ئەمە لە كاتێكدا دێت، كە جیھان چاوی بڕیوەتە سەر كەناڵی سوێس بەھۆی ئەو كەشتییە بارھەڵگرەی "ئێڤەر گرین" كە چەند رۆژێكە بووەتە ھۆی داخستنی كەناڵەكە و بەسەدان كەشتی لە باكوور و باشووری كەناڵەكە گیریان خۆاردووە و ناتوانن دەرباز ببن و زیانی ملیاران دۆلاری بە ئابووری جیھان گەیاندووە.
دەزگا راگەیاندنەكانی جیھان ھەواڵێكیان بڵاوكردووەتەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكان لە ساڵی 1963 ھەوڵیداوە كەناڵێكی شوێنگرەوە بۆ كەناڵی سوێس درووستبكات بە بەكارھێنانی بۆمبی ئەتۆمی.
بەپێی ئەوەی بڵاوكراوەتەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكان بیری لەدرووستكردنی كەناڵێكی دیكە كردووەتەوە، كە بە ئیسرائیلدا دەرباز ببێت بەڕێگای بیابانی نەقەب تا دەگاتە دەریای مردوو و ویلایەتە یەكگرتووەكان مەزندەی كردووە، بەلای كەمەوە 520 بۆمبی ئەتۆمیی پێویستە بۆ ئاسانكردنی ئەركەكە.
ئامانجیشی لەم ھەنگاوە بەستنەوەی دەریای سپی ناوەڕاستە بە كەنداوی عەقەبە لەگەڵ ئەگەری گەیشتن بە دەریای سوور و زەریای ھندی.
لێكۆڵینەوە لەو پرۆژەیە راگیرا بەھۆی لایەنە سیاسییەكەیەوە، بەپێی تاقیگەی لۆرانس لیڤەرمۆری نیشتیمانی، كە ئەو كار توێژینەوەكەی بڵاوكردووەتەوە و ئاماژەیكردووە، دەوڵەتانی عەرەبی لە دەوروبەری ئیسرائیل دژی درووستكردنی ئەو كەناڵە دەوەستنەوە.
كاری درووستكردنی كەناڵێكی شوێنگرەوە لەم دوایانە لە میانی دۆزینەوە برووسكەیەكی نھێنی ئاشكرا بووە، كە لە برووسكەكەدا ھاتووە: "كەناڵێكی لەم جۆر گرنگییەكی ستراتیجیی گەورەی دەبێت، لەوانەی ببێتە جێگرەوەی كەناڵی سوێس و لەوانەشە گەشە بە ئابووری تایبەت بدات لە ناوچەكانی دەروبەری.
k24 -
