حوسییەکان بەرپرسیارێتییان لە ‌هێرشەکانی سعودیە رادەگەیێنن

حوسییەکان بەرپرسیارێتییان لە ‌هێرشەکانی سعودیە رادەگەیێنن
لە شەشەم ساڵڕۆژی بەشداربوونی سعودیە لە شەڕی یەمەن، حوسییەکان بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر پێگە سەربازی و دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە راگەیاند.

پێشتر بەرپرسانی سعودیە رایانگەیاندبوو کە بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی حوسییەکانەوە، تانکێکی نەوت لە یەکێک لە دامەزراوە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە گڕی گرتووە.

یەحیا سەريع، گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکان لەبارەی هێرشەکانی چەند رۆژی رابردوویان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی سعودیە دەڵێت "هێزە سەربازیەکانمان چەندین پێگە و دامەزراوەی گرنگی سعودیەیان لە ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشدا بە ناونیشانی 'رۆژی نیشتمانیی بەرخودان' لە رێگەی 18 درۆن و هەشت مووشەکی بالستییەوە کردوونەتە ئامانج."

هەروەها گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکان ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەیەک پێگەی سەر بە کۆمپانیای ئارامکۆی سعودیەیان لە شارەکانی جیزان، راس تەنوورە و رابغیان کردوونەتە ئامانج.

دوای راگەیاندنی دەستپێشخەریی سعودیە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی یەمەن، هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر بەرژوەندییەکانی ئەو وڵاتە بە بەردەوامی ماونەتەوە و گرژییەکانی نێوانیان کەم نەکردووە.

دوایین هێرشی حوسییەکان لە رۆژی پێنجشەممە بوو کە کرایە سەر دامەزراوەیەکی نەوتی سعودیە لە شاری جازان.
rudaw -
Top