بەلجیکا رێکارەکانی قەدەخەی هاتووچۆ تووند دەکات

بەلجیکا رێکارەکانی قەدەخەی هاتووچۆ تووند دەکات
سەرەڕای دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا، بەڵام ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە بەلجیکا بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت بەو هۆیەشەوە، حکومەتی وڵاتەکە بڕیاریداوە لە رۆژی شەممەوە، قەدەخەی هاتووچۆ تووند بکاتەوە.

بە گوێرەی رێکارە نوێیەکان، فرۆشگە ناپێویستەکان بە کراوەیی دەمێننەوە، بەڵام پێش ئەوەی کڕیارەکان سەردانیان بکەن، پێویستە پەیوەندییان پێوە بکەن و ناوی خۆیان تۆماربکەن بۆ ئەوەی قەرەباڵخی دروست نەبێت.

ئەو رێکارە وای کرد کە ئەمڕۆ خەڵکی ئەو وڵاتە بۆ کڕینی پێداویستییەکانیان بەلێشاو بچنە فرۆشگەکان و ریزی درێژ ببەستن. هەروەها ئارایشتگە و سەرتاشخانەکان تاوەکو 25ـی مانگی داهاتوو دادەخرێن و قوتابخانەکانیش لە رۆژی دووشەممەوە دادەخرێن.

ئەلێکساندەر دی کروو، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو جۆرە کۆرۆنایەی یەکەم جار لە بەریتانیا بڵاوبووەوە، ئێستا بە چڕی لە بەلجیکا بڵاوبووەتەوە و دۆخێکی سەختی بۆ خەڵکی وڵاتەکەی دروستکردووە.

بە تەنیا لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا، ژمارەی تووشبووان بە رێژەی 40٪ لەو وڵاتە زیادیکردووە و ئەوانەشی کە بەهۆی سەختیی دۆخی تەندروستییانەوە لە نەخۆشخانە خەوێنراون، ژمارەیان بە رێژەی 28٪ بەرزبووەتەوە.

بەپێی ئامارەکانی وۆڵدۆمیتەر، تاوەکو ئێستا لە بەلجیکا زیاتر لە 854 هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش نزیکەی 23 هەزاریان گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە سەرانسەری جیهان 126 ملیۆن و 417 هەزار تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون و دوو ملیۆن و 771 هەزار کەسیش بە کۆرۆنا مردوون.
rudaw -
Top