یەکێتیی ئەوروپا: بەئامانجکردنی پارتە سیاسییەکان لە تورکیا پاشەکشەی مافی مرۆڤە

یەکێتیی ئەوروپا: بەئامانجکردنی پارتە سیاسییەکان لە تورکیا پاشەکشەی مافی مرۆڤە
یەکێتیی ئەوروپا کەمکردنەوەی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست بە گرنگ ناودەبات و ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر ئەنقەرە لەو هەنگاوەی ئێستای بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەو ناوچە ئاوییە بەردەوام بێت، ئەو کاتە مامەڵەیەکی دیکەی ئەرێنی لەگەڵ دەکات.

یەکێتیی ئەوروپا لە راگەیێندراوە بڵاوکراوەکەیدا لەبارەی ئەو مامەڵە ئەرێنییە دەڵێت، پارەی زیاتر بۆ کۆچبەرە سوورییەکانی دانیشتووی تورکیا تەرخان دەکات، دیالۆگ لە ئاستی باڵا لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا ئەنجام دەدات و کاریش دەکات بۆ گۆڕانکاری لە "یەکێتیی گومرگەکان" دا.

ئەوەی کە پەیوەندی بە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاستەوە هەیە، راگەیێندراوەکە دەڵێت، لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکەدا "قسە لەبارەی بارودۆخی رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست و پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ تورکیا کرا و پێشوازی لە راگەیێندراوی هاوبەشی تایبەت بە پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا کرا"، کە لە کۆتایی ساڵی رابردوودا داوای ئامادەکردنی کرا.

هەروەها یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، "جەخت لە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی یەکێتیی ئەوروپا دەکەینەوە لە بوونی ژینگەیەکی سەقامگیر و ئارام لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست و پەرەدان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیادا. پێشوازی لە کەمکردنەوەی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست دەکەین، ئەوەش لە رێگەی وەستاندنی چالاکییە نایاساییەکانی گەڕان لەو ناوچەیە، دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ دوو قۆڵییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان و پلانی بەڕێوەچوونی گفتوگۆی تایبەت بە کێشەی قوبرس کە بڕیارە بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەبچن".

یەکێتیی ئەوروپا لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، ئەگەر کەمکردنەوەی گرژییەکان و هەنگاوی ئەرێنی تورکیا بەردەوام بێت، رێکخراوە ئەوروپییەکە ئامادەیە لەگەڵ تورکیا مامەڵەیەکی ئەرێنی بکات، کە ئەم خاڵانە لە خۆدەگرێت.

یەکەم: "لە بواری هاوئاهەنگیی ئابوورییدا داوا لە کۆمیسیۆنی ئەوروپا دەکەین گفتوگۆکانی لەگەڵ تورکیا چڕبکاتەوە بۆ جێبەجێکردنی "یەکێتیی گومرگەکان" و لە هەمانکاتدا داوا لە ئەنجوومەنی ئەوروپا دەکەین کاربکات بۆ نوێگەریکردن لە "یەکێتیی گومرگەکان"دا.

دووەم: "ئامادەین لەگەڵ تورکیا دەست بە دیالۆگی باڵا بکەین لەبارەی ئەو بابەتانەی لای هەردوولامان گرنگن، وەک تەندروستیی گشتی، کەشوهەوا، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پرسە هەرێمایەتییەکان".

سێیەم: "داوا لە ئەنجوومەنی ئەوروپا دەکەین میکانیزمێک بدۆزێتەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا"، بەتایبەتی لەبواری پەیوەندی خەڵک لەگەڵ یەکدی.

یەکێتیی ئەوروپا دەستخۆشی لە تورکیا دەکات لەبەرامبەر میوانداریکردنی نزیکەی 4 ملیۆن کۆچبەری سووری لە وڵاتەکەیدا و جەخت لەوە دەکاتەوە کە یارمەتییەکانی بۆ ئەنقەرە لەو بوارەدا بەردەوام دەبن.

هاوکات رێکخراوە ئەوروپییەکە نیگەرانی خۆیشی لە بەرامبەر هەندێک سیاسەت و مامەڵەی حکومەتی تورکیا دەردەبڕێت.

یەکێتیی ئەوروپا لەو بارەوە دەڵێت، بابەتی "سەروەریی یاسا و مافە بنچینەییەکان وەک پرسێکی جیدی جێگەی نیگەرانییمان ماونەتەوە. بە ئامانجکردنی پارتە سیاسییەکان و میدیا و بڕیارەکانی دیکەی ئەم دواییە وەک نموونەیەکی پاشەکشەی مافی مرۆڤ دەبیندرێن و پێچەوانەی پابەندبوونەکانی تورکیان بۆ رێزگرتن لە دیموکراسی، سەروەری یاسا و مافی ژن. دیالۆگ لەبارەی ئەو بابەتانە بریتی دەبن لە خاڵی سەرەکی لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا".
rudaw -
Top