یەكێتی ئەوروپا لە میانی نیگەرانیی لە ئازادی و مافەكانی مرۆڤ، توركیا دەخاتە ژێر چاودێرییەوە

یەكێتی ئەوروپا لە میانی نیگەرانیی لە ئازادی و مافەكانی مرۆڤ، توركیا دەخاتە ژێر چاودێرییەوە
ئەمڕۆ یەكێتی ئەورپا بڕیار دەدات، كە ئەنقەرە بخاتە ژێر چاودێری خۆی تا مانگی حوزیرانی داھاتوو بەمەبەستی رەتكردنەوەی داڕمانی ماف و ئازادییەكان لە توركیا ھەرچەندە سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەم بارەوە بەڵێنی باشتركردنیانی داوە.

دوای ساڵێك لە ناكۆكییەكان، ئەوروپاییەكان دەیانەوێت پەیوەندییەكانیان لەگەڵ توركیا ئاسایی بكەنەوە، بەڵام ئەوان "پلە بە پلە و بە مەرج جوڵە دەكەن و دەكرێت پاشگەزیش ببنەوە"، وەك سەرۆكی ئەنجوومەنی ئەوروپا، شارل میشال لە نامەی بانگھێشتندا بۆ لوتكەی ئەوروپایی رایگەیاندووە.

بەھۆی شەپۆلی نوێ تووشبوون بە كۆڤید-19 كۆبوونەوەكە لە رۆژانی پێنجشەممە و ھەینی بەڕێگای ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە ئەنجامدەدرێت و ئەم شێوازەش زۆر لەبار نییە بۆ گفتوگۆكردن.

ھەر بەم ھۆكارەشەوە گفتوگۆكان لە بارەی رووسیا رەتكرانەوە و كرا بە "پوختە" و شارل میشال ئامادەبووان ئاگادار دەكاتەوە لەدوا پەیوەندییەكانیدا لەگەڵ سەرۆكی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن، كە سەركۆنەی ھەڵوێستی "ناكۆكی"ی یەكێتی ئەورپای كرد لەبەرامبەر مۆسكۆ.

دیپلۆماتكارێكی ئەورپایی روونیكردەوە، بڕیارەكانی دژ بە توركیا تا حوزەیرانی داھاتوو دواخران، گوتیشی: رۆژی دووەمی لوتكەكە زۆر كورت و پوخت دەبێت.

بەشداری سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن لە لوتكەكەدا دەرفەت دەدات بە گەیاندنی نامەیەكی ھاوبەشی رژد دژ بە سەرۆكی توركیا.

یەكێتی ئەوروپا لە پێگەی "چاودێری"دا

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، ئەنتۆنی بلینكن، لە میانی گفتوگۆكانیدا لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە لە پەیمانی باكووری ئەتلەسی رایگەیاند، "لە ھیچ كەسێك شارەوە نییە كەوا ئێمە لەگەڵ توركیا ناكۆكیمان ھەیە".

بەڵام ئەورپاییەكان و ئەمەریكاییەكان نایانەوێت پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەنقەرە ببڕن. بلینكن گوتی: "توركیا ھاوپەیمانێكی كۆنە و بەسەنگە و بەرژەوەندیمان لەوە دایە لە نێو پەیمانی ئەتلەسیدا بیھێڵینەوە".

لە لایەن خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا، ماریۆ دراگی ھەڵوێستی ئەورپای پوختكردەوە بە جەختكردن لەسەر "گرنگی دووركەوتنەوە لەو دەستپێشخەرییانەی دەبنە مایەی دابەشبوون و پێویستی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ".

بڕیاری سەرۆكی توركیا لەمەڕ كشانەوە لە رێككەوتنی ئستانبۆل بۆ رێگەگرتن لە توندوتیژی دژ بە ئافرەت لە دوای گفتوگۆكانی لەگەڵ شارل میشال و سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا، ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لایین، وەك شەقدانێك لە بەھاكانی یەكێتی ئەورپا ھاتە بەرچاو.

وەزیری دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا، جۆزێب بۆرێل ھۆشداری دا لەوەی بڕیارەكانی ئەم دواییەی دەسەڵاتدارانی توركیا "مەترسییەكانی یەكێتی ئەورپا زیاد دەكات بەرامبەر بە پاشەكشەكردنی مافە بنەڕەتییەكان و متمانەی پابەندبوون بە چاكسازی لەبن دەبات".

دیپلۆماتكارە ئەوروپاییەكان بڕوایان بە سەرۆكی توركیا نییە چونكە رێز لە پابەندییەكانی ناگرێت و زۆر ھەڵپەرستیی تێدا بەدی دكەن لە نیازی راگەیاندنی ھێوركردنەوە.

دیپلۆماتكارێكی ئەوروپایی بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "لەسەرەتای ئەم ساڵەوە ھێچ ئاماژەیەكی نەرێنی نابینین، بەڵام ھیچ كەسێك ساویلكە نییە، چونكە زۆر ھۆكار ھەن راڤای ئەم رەفتارە دەكەن: گۆڕانی سەرۆك لە ویلایەتە یەكگرتووەكان، داڕمانی ئابووری توركیا و لێكەوتەكانی ئەگەری سەپاندنی سزاكانی ئەوروپایی".

دیپلۆماتكارێكی دیكەی پلە باڵا گوتی: "دەرئەنجامەكان جیاوازن، ناتوانین بڵێین توركیا چوونە نێو بەرنامەی كاری ئەرێیانە بۆ یەكێتی ئەوروپا ئاسان دەكات، ئێمە لە پێگەیەكی چاودێری داین".

دیپۆماتكارێك گوتی: رەشنووسی راگەیاندنەكانی تایبەت بە لوتكەكە تا دوا ساتەكان گفتوگۆیان لە سەر كرا بۆ ئەوەی بگەن بە تەوافق و ھەر یەك لە قوبرس و یۆنان جەختیانكردەوە، رەشنووسەكە "زۆر ھاندان لەخۆی دەگرێت بەڵام مەرجەكان كەمن".

لەوانەشە ئەوە ببێتە مایەی بێ ئومێدی ئەردۆغان، كە گوتبووی: "چاوەڕی ئەنجامی بەرجەستە دەكات"، وەك وەڵامدانەوەی بۆ حەزەكەی لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا.

دیپلۆماتكارەكە گوتی: لە مانگەكانی داھاتوودا زۆر بە ئاگا دەبین بۆ ئەوەی لە حوزەیرانی داھاتوو بزانین مەرجەكانی "ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان" ھەن و دابینكراون.

گوتیشی: ئەگەر پاشەكشە بینرا، ئەوە یەكێتی ئەوروپا دەتوانێت بەرگری لە بەرژەوەندییەكانی بكات. كەرستەكانیش ئامادەن".

راپۆرتەكەی جۆزێب بۆرێل ئاماژە بەچەندین بژاردە دەكات، لەوانەش سەپاندنی سزاكان بە سەر كەرتی گەشتوگوزاردا.

سەرچاوە: فرانس پرێس
k24 -
Top