ئەمریکا، ژاپۆن و کۆریای باشور هۆشداری دەدەنە کۆریای باکور
دوای ئەوەی لەماوەی چەند رۆژی رابردودا کۆریای باکور ژمارەیەک موشەکی "بالیستی کورت مەودای" تاقیکردەوە، ئەمریکا، ژاپۆن و کۆریای باشور هۆشداریاندا لە دروستکردنی هەر گرژییەک لەنیمچە دورگەی کۆریا و جەختیانکردەوە لە رێگەچارەی گفتوگۆ بۆ چارەسەری کێشەکان.
ئەگەری ئەوە هەیە تاقیکردنەوەکان موشەکی بالیستی ئەو وڵاتە بن
وەزارەتی بەرگری ژاپۆن بڵاویکردەوە، هێزێکی دەریایی وڵاتەکەیان تاقیکردنەوەی ژمارەیەک موشەکی لەلایەن کۆریای باکورەوە تۆمارکردوە و ئەگەری ئەوە هەیە تاقیکردنەوەکان موشەکی بالیستی ئەو وڵاتە بن، لەگەڵ ئەوەشدا موشەکەکان سنورەکانی وڵاتەکەیانی نەبڕیوە.
تائێستا نازانرێت تاقیکردنەوە سەربازییەکان چی بون
لای خۆیەوە سوپای کۆریای باشور رایگەیاند، تاقیکردنەوەیەکی سەربازییان لەلایەن کۆریای باکورەوە تێبینی کردوە، بەڵام تائێستا نازانرێت تاقیکردنەوە سەربازییەکان چی بون.
واشنتن جەخت لەگفتوگۆ لەگەڵ پیۆنگ یانگ دەکاتەوە
پەیوەست بەم بابەتەش سەرچاوەیەکی حکومەتی ئەمریکا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوە، تاقیکردنەوەی موشەکی بالیستی لەلایەن کۆریای باکورەوە "چالاکییەکی سەربازی سروشتییە" و واشنتن جەخت لەگفتوگۆ لەگەڵ پیۆنگ یانگ دەکاتەوە.
دەسەڵاتدارانی کۆریای باکور سیاسەتەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتوە
پێشوتریش جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی تاقیکردنەوە موشەکییەکانی کۆریای باکور باسی لەوەکردبو، دەسەڵاتدارانی کۆریای باکور سیاسەتەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتوە.
خەندان-
