ترەمپ بەتەمای وەڕێخستنی تۆڕێکی کۆمەڵایەتییە

ترەمپ بەتەمای وەڕێخستنی تۆڕێکی کۆمەڵایەتییە
دۆناڵد ترەمپ سەرکۆماری پێشووی ئەمریکا کە پاش هێرشی لایەنگرانی بۆ سەر کۆنگرێس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی (تویتەر و فەیسبووک) بێبەش و سڕ کرا، بەتەمایە لە یەک دوو مانگی داهاتوودا تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی تایبەت و جیاواز وەڕێ بخات.

جەیسۆن میلەر، یەکێک لە گوتەبێژانی کەمپێنی هەڵبژاردنی ترەمپ لە ساڵی ٢٠٢٠ لە وتووێژێک لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنیی (فۆکس‌نیوز) بەڵێنیی ئەوەی داوە کە وەڕێخستنی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە نوێیە جارێکی دیکە یارییە سیاسییەکە لە سەرەتاوە پێناسە دەکاتەوە.

ئەو گوتەبێژە وردەکاریی زیاتری لەبارەی چۆنیەتی و ئاستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە نەخستووەتە ڕوو. تۆڕێکی کۆمەڵایەتی کە دۆناڵد ترەمپ زیاترین قازانجی سیاسیی تێدا کرد، (تویتەر) بوو، بە چەشنێک کە تەنانەت بەشێکی لە بڕیارەکانی دەوڵەت لەو ڕێگەوە رادەگەیەندران.

تویتەر هەفتەی پێشوو ئاشکرای کرد کە سەرقاڵی پێداچوونەوەی سیاسەتەکانی خۆیە لەبارەی پێگە و ئەکاونتی ڕێبەرانی جیهان لەو تۆڕە و دەیهەوێ وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە ئایا ڕێبەرانی جیهانیش دەبێ هەمان ئەو ڕێوشوێنانە ڕەچاو بکەن کە بەرکاهێنەرانی دیکەش ڕەچاوی دەکەن؟

تۆڕە کۆمەڵایەتیییەکانی (تویتەر و فەیسبووک) پێگەی دۆناڵد ترەمپیان بە تۆمەتی وەڕێخستنی ناڕەزایی لە بەرانبەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا داخست، هەمان ئەو هاندانانەی ترەمپ بووە هۆی هێرش بۆ سەر کۆنگرێس کە چەند کەسێکی بوونە قوربانی و ئێستا ئەو دوو تۆڕە کۆمەڵایەتییە بەدوای ڕێگەچارەیەکدا دەگەڕێن تاکوو پرسی چاودێری و جۆری هەڵسوکەوت لەگەڵ پێگە و ئەکاونتی سیاسەتمەداران و ڕێبەرانی جیهان چارەسەر بکەن.





باسنيوز
Top