فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا هەژموونی سیاسیی زیاتری بەخشیوەتە ئەنقەرە

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا هەژموونی سیاسیی زیاتری بەخشیوەتە ئەنقەرە
چ هێرشەکانی بۆسەر پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە باشووری کوردستان هۆکاربن یان گۆڕەپانەکانی شەڕی سووریا، لیبیا و بەمدواییە ئازەربایجان؛ ئێستا بازاڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە ناوچەکە و جیهان گەرمە.

ئیسماعیل دێمیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا رایگەیاند "سەرەتا گۆڕەپانە ناوخۆییەکانی شەڕ و پاشان گۆڕەپانی سووریا باشترین بەڵگەن لەسەر سەرکەوتوویی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانمان. دواتر قۆناخ بە قۆناخ لەڕووی تەکتیک و تەکنیکەوە پەرەمان بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دا و لە شەڕی ئازەربایجان توانایان دەرکەوت و زۆریش سەرکەوتوو بوون".

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا، جێپێی ئەنقەرە لە ئیدلبی سووریای هێشتەوە و بەهێزترکرد، هێزەکانی سەر بە خەلیفە حەفتەریشی لە ناوچەکانی دەوروبەری تەرابلووسی لیبیا لە رۆژئاوا بەرەو رۆژهەڵات دوورخستەوە و ئەرمەنییەکانی ناچارکرد رێککەوتنی ئاگربەست بە سوودی ئازەربایجان واژۆ بکەن.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا دەڵێت "چەندین جۆر لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە جیهاندا هەن و ئەگەر تەماشای توانا و نرخیان بکەیت و بەراوردیان بکەیت لەگەڵ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێمە، دەبینی جیاوازیی گەورە هەیە".

یەکەم بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە ساڵی 2016دا بوو بۆسەر پێگەکانی پەکەکە، لە مانگی 12ی 2020. تورکیا یەکەمین گرێبەستی دەرەکیی فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەگەڵ تونس بە نزیکەی 80 ملیۆن دۆلار واژۆکرد کە دامەزراندنی سێ ناوەندی کۆنترۆڵکردن و راهێنانکردن بە 52 فڕۆکەوانی تونسی لەخۆگرتبوو.

لەوێوە بازاڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا، بەتایبەتی لە جۆری بەیرەقدار تی بی 2، کەوتە سەر رێچکەی هەناردەکردن و قەتەر و ئۆکراینا چوونە لیستی کڕیاریانیەوە.

پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی 2025 تەکنەلۆژیای بازاڕی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە جیهاندا بگاتە نزیکەی 50 ملیار دۆلار و تورکیاش لە وڵاتانی پێشەوە بێت.
rudaw -
Top