کیم جۆنگ ئون مەرجی گفتوگۆ لەگەڵ ئیدارەی بایدن دیاری دەکات
کۆریای باکوور، کە کیم جۆنگ ئون بەشێوەیەکی دیکتاتۆریانە سەرۆکایەتی دەکات، مەرجی خۆی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی جۆ بایدن، دیاری دەکات.
چو سون هی، جێگری یەکەمی وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور رایگەیاندووە، وڵاتەکەی بایەخ بەو پەیوەندییانە نادات، کە ئیدارەی جۆ بایدن پێیەوە دەکات و رایگەیاندوە، ”هیچ پەیوەندیی و گفتوگۆیەکمان لەگەڵ ئەمریکا نابێت“.
چو سون هی مەرجی وڵاتەکەی بۆ دەستکردن بە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا ئاشکرا کردووە و رایگەیاندووە، ”تا ئەمریکا واز لە سیاسەتە دوژمنکارییەکانی لە دژی کۆریای باکوور نەهێنێت، هیچ گفتوگۆ و پەیوەندییەکمان نابێت“.
پێشتر کیم یو جونگ، راوێژکار و خوشکی کیم جۆنگ ئون رایگەیاند بوو، ئەگەر ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەیەوێ چوار ساڵی داهاتوو بە ئارامی بەڕێ بکات، ”باشترە لە سەرەتاوە کارێکی وانەکەن خەوتان بزڕێنێت“.
پێشتریش بەرپرسێکی باڵا لە ئیدارەی ئەمریکا بە ئاژانسی (رۆیتەرز)ی راگەیاند بوو، لە ناوەڕاستی مانگی 2ـی ئەمساڵەوە ئیدارەی جۆ بایدن بە نهێنی لەڕێی نێردەی کۆریای باکوور لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵی دروستکردنی پەیوەندیی و گفتوگۆی لەگەڵ حکوومەتی ئەو وڵاتە داوە، بەڵام کۆریای باکوور وەڵامی ئەو پەیوەندییە نهێنییانەی ئەمریکای نەداوەتەوە.
باسنيوز
