ئەمریکا: چین هەڕەشەیەکی درێژخایەنی ستراتیژییە بۆسەر ئاسایش لە سەدەی 21
پارتی کۆمیۆنیستی چین سەرئێشەیەکی زۆری بۆ ئەمریکییەکان دروستکردووە، ئەمریکییەکان دەڵێن، سەرجەم جومگەکانی دەوڵەتی چینی بەدەستەوەیە. کایە سیاسەت، ئابووری، سەربازی، میدیایی و کولتوورییەکان لە سۆنگەی سەرکردایەتیی پارتی کۆمیۆنیستەوە دادەڕێژرێن.
لە ساڵی 2005وە تاوەکو 2019، چین زیاتر لە 815 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە وڵاتە گەشەسەندووەکان کردووە. هەر لەو ماوەیەدا 1.23 ترلیۆن دۆلار وەبەرهێنانی لە وڵاتانی پێشکەوتوو کردووە، لەوانەش ئەمریکا و کەنەدا. هەموو ئەوانەش بەشێوەیەکی نزیکەیی بوونەتە بابەتی سەرەکیی گفتوگۆی رۆژانەی کۆشکی سپی و پێنتاگۆن.
کرەگ فۆلەر، فەرماندەی فەرماندەیی باشووری ئەمریکا رایگەیاند "چین هەڕەشەیەکی درێژخایەنی ستراتیژییە بۆسەر ئاسایش لە سەدەی 21دا. پارتی کۆمیۆنیستی چین، کاریگەریی پیس و گەندەڵ و بەسەرچووی بەسەر جیهان و ناوچەکەوە هەیە. وەکو گرتنەبەری سیاسەتی چەند فاقی، پێدانی قەرز بە وڵاتان و پاشان بەکارهێنانی بۆ گوشاری سیاسی. بەکارهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتان، ئەوە جگە لە کارە بچووکەکانی وەکو راوەماسی لە دەریا و زەریاکان بەشێوەیەکی نایاسایی و رێگەپێنەدراو".
لەڕووی سەربازییەوە چین چاوی بڕیوەتە ئەو رۆژەی کە ببێتە خاوەن گەورەترین بودجەی سەربازی لە جیهان و پێش ئەمریکا بکەوێت.
لە ساڵی 2005دا لەڕووی قەبارەی خەرجییە سەربازییەکان، چین لەدوای ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ژاپۆنەوە بوو، لە ساڵی 2019 لەدوای ئەمریکا بە سەرووی 170 ملیار دۆلار، لە پلەی دووەمدا گیرسایەوە. لە ساڵی 2020 ئەو ژمارەیە بووە 178 ملیار دۆلار و لە ساڵی 2021یش بووەتە 209 ملیار دۆلار.
لەکاتێكدا ساڵی رابردوو بودجەی سەربازیی ئەمریکا لە سەرووی 700 ملیار دۆلارەوە بوو، بۆ ئەمساڵیش کەمترە لە 700 ملیار دۆلار.
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند "چین هەڕەشەیەکی بەردەوامە و هەموو بەشەکانی نێو وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا تیشکیان خستووەتەسەر و گرنگیی زۆری پێدەدەن. لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا، ئێمە گرنگیمان دا بە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لەوکاتەی ئێمە سەرقاڵی ئەو ناوچەیە بووین، چین پەرەی بە توانا سەربازییەکانی دا و پێشیخست، جگە لەوەش هاوکات مامەڵە و رەفتاری تووندوتیژی دژ بە هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەی ئاسیا ئەنجامدا. بۆیە ئامانجی ئێمە بەرگریکردنە لەو پێشکەوتنەی کە هەمانە بەسەر چیندا لە بواری ئابووری و سەربازی و رێگە نەدەین پێشمان بکەوێت و هەڕەشە لە هاوپەیمانەکانمان بکات".
نیگەرانییەکانی ئیدارەی بایدن لەئاست هەڕەشەکانی چین، وایلێکردووە لەگەڵ کەنەدای دراوسێ باکوورییەکەی قۆناخی یەکەمی نوێکردنەوەی فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکای باکوور دەستپێبکەن، هەروەها بنکەی دیکەی سەربازییان لە جەمسەری باکوور داناوە.
گلین ڤانهیرک، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی باکوور دەڵێت "لەمکاتەدا ئێمە رووبەڕووی هەڕەشەیەک بووینەتەوە کە بەردەوام لە گۆڕانکاری و بەرەوپێشچووندایە. ئێمە لە رکابەرییەکی تووند و بەهێزداین لەگەڵ دوو وڵات کە هەردووکیان خاوەن چەکی ئەتۆمین. چین و رووسیا رکابەرییەکانیان بردووەتە نێو بابەتی ئابووری، تەکنەلۆژیا و توانای سەربازییەکانەوە و هەڕەشەش بۆسەر ئاسایشی ناوخۆییمان دروستدەکەن".
لەدوای دەستبەکاربوونی ئیدارەی نوێی ئەمریکا، وا بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جەک سۆلیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە ویلایەتی ئالاسکای ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی چین کۆببنەوە.
rudaw -
