سبەی کۆنفرانسی ئاشتیی ئەفغانستان لە مۆسکۆ بەڕێوە دەچێت
ئەو کۆڕبەندە بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە ١٨ی٣ی٢٠٢١ بە بەشداریی شاندێکی تاڵیبان بەڕێوە بچێت و لەمبارەوە عەبدوڵا عەبدوڵا سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاشتیی ئەفغانستان بە بڵاوکردندەوەی چەند وێنەیەک لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسیویە ئەم کۆڕەبەندە بە دەستپێشخەریی وڵاتانی ئەندامی ترویکا (ئەمریکا، چوین و ڕووسیا) بەڕێوە دەچێت.
مەجید ئەلڕەحمان ڕاوێژکاری باڵا و بەڕێوەبەری میدیایی ئەنجوومەنی باڵای ئاشتیی ئەفغانستان لەمبارەوە ڕای گەیاندووە ئەو کۆنفرانسە یەک ڕۆژ دەخایەنێت و هەردوولایەن (حکوومەتی ئەفغانستان و گرووپی تاڵیبان) لەبارەی خێراترکردنی بڕیارەکانی ئاشتی لە دەوحە، کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ئەفغانستان و دژایەتیکردنی تیررۆریزم و قاچاخی مادە هۆشبەرەکان و کارکدن بۆ پاراستنی سەربەخۆیی ئەفغانستان، پێکەوە گفتوگۆ دەکەن.
لەو کۆنفرانسەدا نوێنەرانی هەر سێ وڵاتی چین، ئەمریکا و ڕووسیا بەشدارن.
پار بە نێوبژیوانیی ئەمریکا لە دەوحەو پایتەختی قەتەر چەندین گەڕی گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان حکوومەتی ئەفغانستان و گرووپی تاڵیبان بەڕێوە چوو، بەڵام هیچ ئەنجامێکی ئەرێنیی لەسەر ڕاوەستانی شەڕ و ئاشتی لەو وڵاتە نەبووە.
باسنيوز
