كامێراکەی سەر مەریخ دەستی بە وێنەگرتن کرد
یەكەم بەرد كە پسپۆڕان دەستنیشانیان كرد بۆ وێنەگرتن و شیكردنەوەی لێزەری، ناویاننا "ییهگۆ" (Yeehgo)، ئەمەش لە زمانی تیرەی "ناڤاهۆ"ی "هیندییە رەسەنەكان"ەوە وەرگیراوە و مانای "كۆششكردن" دەدات، ئەو ناوچەیەی كە بۆ یەكەمجار تیشكی لێزەری بەركەوت ناویاننا (مائاز – Maaz) كە ئەمەش بە زمانی ئەو تیرەیە مانای "هەسارەی مەریخ" دەدات.
دوابەدوای دەستبەكاربوونی كامێرای پێشكەوتووی "سوپەركام"، "رۆجەر وینز"ی لێكۆڵەری سەرەكیی كامێرای "سوپەركام" رایگەیاند "بەڕاستی مایەی خۆشحاڵییەكی زۆرە كەوا دەبینین ئامێرەكەمان بەو كارامەییە كاردەكات لەسەر رووی (مەریخ)دا، چونكە هەشت ساڵ پێش ئێستا و لە رۆژانی دەستپێكی دیزاین و دروستكردنی ئەو كامێرایە، بەردەوام لە دڵەڕاوكێدا دەژیاین، بەڵام ئەوەتا ئێستا بە كارامەترین شێوە كار دەكات".
ئەو وێنەگرتن و ئاراستەكردنەی "تیشكی لێزەری" لە رۆژی 07-03-2021دا ئەنجامدرا، واتە لە رۆژی 16یەمینی نیشتنەوەی گەڕۆكی "پێرسیڤیرانس" لەسەر رووی هەسارەی سوور و ئەو بەردەی كە كرایە ئامانج بە مەودای 3.3 مەتر لە خودی گەڕۆكەكەوە دووربوو و تیرەشی 6.2 سانتیمەترە.
كێشی گشتیی "سوپەركام" دەگاتە 5.6 كیلۆگرام و لەسەر ستوونێكدا دانراوە و دەتوانێت پێنج جۆرە لێكۆڵینەوە و شیكردنەوەی زانستی ئەنجامبدات لە بوارەكانی جیۆلۆجیای "مەریخ" و یارمەتیدانی زانایان بۆ دەستنیشانكردنی ئەو بەردانەی كە پاش كۆكردنەوەیان لەلایەن "پێرسیڤیرانس"ەوە، كەشتییەكی دیكەی ئاسمانیی دەنیشێتەوە و ئەو نموونە وەرگیراوانەی گەڕۆكەكە دەگەڕێنێتەوە زەوی بۆ ئەنجامدانی گەورەترین و پێشكەوتووترین شیكردنەوەی زانستی لەپێناو گەڕان بەدوای ژیان یان ئاسەواری ژیانی مایكرۆبی كۆن لە مێژووی "مەریخ" بەگشتی و ئەو ناوچەیە بەتایبەتی.
دوای چەند رۆژێك لە نیشتنەوەی سەركەوتووانە، پسپۆڕان چەندین تاقیكردنەوەیان ئەنجامدا بۆ دڵنیابوونەوە لە كاركردنی تەواوی بەش و جومگە و سیستەمەكانی گەڕۆكەكە پێش ئەوەی دەست بە لێكۆڵینەوە زانستییەكانی بكات و ئێستاش، دوای تاقیكردنەوەی سەرەتایی سیستەمی "سوپەركام" و لەوانە تۆماركردنی چالاكیی "با" لەسەر رووی "مەریخ"دا جێگەی دڵخۆشییە.
نەعومی مردۆخ، پسپۆڕ و وانەبێژ لە "كۆلێژی ئەندازەی فڕینی - ISAE-SUPAREO" لە "تۆلۆز – فەرەنسا" رایگەیاند "پێشتر باوەڕمان نەدەكرد كەوا رۆژێ لە رۆژان بتوانین تۆمارێكی ئاوا بێوێنەی گڤەگڤی بای وەكو ئەوەی ئێستای رووی هەسارەیەكی وەكو (مەریخ) مان دەستبكەوێت".
rudaw -
