فەلەستینییەکان داوایەکی ئیسرائیل لەبارەی هەڵبژاردن رەت دەکەنەوە
موسا ئەبو مەرزوق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس رایگەیاندووە، حەماس و مەحمود عەباسی سەرۆکی فەلەستینیش داواکەی ئیسرائیل رەت دەکەنەوە.
ئیسرائیل داوای لە لایەنە فەلەستینییەکان کردووە هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەسەڵاتەکەیان، دوا بخەن.
موسا ئەبو مەرزوق ئاماژەی بە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن بەهۆی بزووتنەوەی فەتح کردووە و رایگەیاندووە، ”ئەگەر هەیە هەڵبژاردن بەهۆی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی فەتح دوابخرێت“.
پێشتر مەحمود عەباس بە نووسراوێک، رۆژی 22-5-2021ـی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی و رۆژی 31-7-2021ـی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی دەسەڵاتی فەلەستین، دیاری کرد.
حەماس بزووتنەوەیەکی ئیسلامیی توندڕەوی فەلەستینییە و بە یەکێک لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان دادەنرێت. ئەمریکا پێی وایە سوپای قودسی ئێرانی پاڵپشتیی دارایی و سەربازیی ئەو حزبە دەکات.
فەتح خۆی وەک بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕیی نیشتمانیی فەلەستینی ناساندووە و دان بە بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل لە چوارچێوەی نەخشەی 1967دا دەنێت. یاسر عەرەفاتی سەرۆکی پێشووی فەلەستین و مەحمود عەباسی سەرۆکی ئێستای فەلەستین، لە سەرکردە دیارەکانی فەتحن.
باسنيوز
