هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی له‌ هۆڵه‌ندا به‌ڕێوه‌ده‌چێت

هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی له‌ هۆڵه‌ندا به‌ڕێوه‌ده‌چێت
ئەمڕۆ وێستگەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هۆڵەندا کرانەوە و سێ ڕۆژ دەخایەنێت، چاوەڕوانیش دەکرێت جارێکی دیکە مارک روتە، سەرۆکی پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی سەربکەوێت و ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران.

روتە بە پاڵپشتیکارێکی بەهێزی کورد دادەنرێت و پێشتریش، لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و پشتگیری خۆی بۆ هەرێمی کوردستان لەسەرجەم بوارەکاندا دووپاتکردەوە.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هۆڵەندا دەستیپێکرد و ناوەندەکانی دەنگدان بەرووی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەدا کرانەوە، بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزیش لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، پرۆسەی دەنگدان سێ رۆژ دەخایەنێت و تا چوارشەممە بەردەوام دەبێت.

هەرچەندە خەڵکی هۆڵەندا لە سیاسەتەکانی حکومەت، لەبارەی قەدەخەکردنی هاتووچۆ و رێکارەکانی خۆپارێزی نیگەرانن و بۆ ئەم مەبەستە چەند رۆژێکە لەسەر خۆپیشاندان بەردەوامن، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت، مارک روتە سەرۆکی پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی سەربکەوێت و بۆ جاری چوارەم پۆستی سەرۆک وەزیران بەدەست بێنێتەوە، کە لە ساڵی 2010ەوە لەو پۆستە دایە.

بەگوێرەی راپرسییەکان، پێشبینی دەکرێت حزبەکەی مارک روتە، سەدا 25ی دەنگەکان بەدەست بێنێت و رکابەرە سەرەکییەکەی، خێرت فیڵدرز، سەرۆکی پارتی ئازادیش، سەدا 13ی دەنگەکان بباتەوە.

هەرچەندە مارک روتە بە کەسێکی سەرکەوتوو لە بواری ئیدارەدان و سیاسەتی دەرەوە دادەنرێت، سێیەم کەسە لەو کیشوەرە، توانیوویەتی پارێزگاری لە درێژەدان بە دەسەڵاتەکەی بکات، دوای ئەنگێلا مێرکل راوێژکاری ئەڵمانیا و ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا، بەڵام بەهۆی چۆنییەتی مامەڵەکردنی حکومەتەکەی لەگەڵ لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رەخنەی زۆری ئاڕاستە کراوە.

بڕیاریشە یەکێتی ئەوروپا، لە نزیکەوە چاودێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی هۆڵەندا بکات.

مارک روتە بە پاڵپشتیکارێکی بەهێزی کورد دادەنرێت و لە لە مانگی شوباتی ساڵی رابردووش، لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و پشتگیری خۆی بۆ هەرێمی کوردستان لەسەرجەم بوارەکاندا دووپاتکردەوە، لە کاتێکدا 50 راوێژکاری سەربازی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان هەن، کە مەشق بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن.
k24 -
Top