حوسییەکان هێرشێکی ئاسمانی دەکەنە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئاسمانیی سعودیە

 حوسییەکان هێرشێکی ئاسمانی دەکەنە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئاسمانیی سعودیە
گوتەبێژی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان)ی یەمەن رایدەگەیەنێت، هێرشیان کردووەتە ناو قوڵایی خاکی سعودیە.

ئەمڕۆ دووشەممە 15-3-2021، عەمید یەحیا سەریع، گوتەبێژی حوسییەکان رایگەیاندووە، بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر سعودیە.

عەمید یەحیا سەریع هەروەها رایگەیاندووە، لە هێرشەکەی ئەمجارەدا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبها و بنکەی سەربازیی ئاسمانیی شا خالیدیان لە باشووری رۆژئاوای سعودیە، کردووەتە ئامانج.

حوسییەکان بزووتنەوەیەکی شیعەمەزهەبی یەمەنین و کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکاریی ماددی، مەعنەوی و لۆجیستییان دەکات.

لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێ کرد، حوسییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆن راگەیاند و لە مانگی ئەیلوولی 2014ش کودەتایان بەسەر حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیاندا کرد و دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و زۆرینەی ناوچەکانی وڵاتەکەیاندا گرت.












باسنيوز
Top