پاپا فرانسیس داوای کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکانی سوریا دەکات
پاپا فرانسیس لەوتاری هەفتانەی خۆیدا ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لەلایەنە ناکۆکەکانی سوریا دەکەن بەمەبەستی دۆزینەوە رێگەچارەیەک و گەڕانەوەی هیوا بۆ دانیشتوانی وڵاتەکەیان، هەنگاوی ئەرێنی دەستپێبکەن.
رێژەیەکی لەژماردن نەهاتوی خەڵکەکەی گیانیان لەدەستداوە و برینداربون
ئاماژەی بەوەشكرد، سوریا بەهۆی گرژییەکان و شەڕی ناوخۆوە رێژەیەکی لەژماردن نەهاتوی خەڵکەکەی گیانیان لەدەستداوە و برینداربون، هەروەها بە ملیۆنان کەسی دیکەش ئاوارە بون و روبەڕوی نەهامەتییەکی راستەقینە بونەتەوە، لەناو ئەو کەسانەشدا منداڵان، ژنان و کەسانی بەتەمەن بەقۆناغێکی پڕ لەنەهامەتی و ئازاردا تێپەڕیون.
داوای لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد پابەندبونی خۆی لەیەکلاییکردنەوە و کۆتاییهێنان بە شەڕ لەسوریا جێبەجێبکات
پاپای ڤاتیکان داوای لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد پابەندبونی خۆی لەیەکلاییکردنەوە و کۆتاییهێنان بە شەڕ لەسوریا جێبەجێبکات و هاوکاری دوبارە بونیادنانەوە و بوژانەوەی ئابوری ئەو وڵاتەش بێت.
بەهۆی شەری ناوخۆیی سوریا 388652 کەس گیانیان لە دەستداوە
دوێنێش روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویكردهوه، له ساڵی 2011 وه بەهۆی شەری ناوخۆیی سوریاوە، 388652 (سێ سهد و هەشتا و هەشت هەزار شەش سەد و پەنجا و دو) کەس گیانیان لە دەستداوە، کە 117388 (سەد و حەڤدە هەزار و سێ سەد و هەشتا و هەشت) یان هاوڵاتی مەدەنی بون.
خەندان
