سریلانکا لە هەوڵی قەدەخەکردنی پەچە و داخستنی هەزار 'مەدرەسە'ی ئیسلامیدایە
رۆژی شەممە 13-03-2021، وەزارەتی ئاسایشی گشتیی سریلانکا فەرمانی قەدەخەکردنی پەچەی دەرکرد، فەرمانەکەش چاوەڕێی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆئەوەی پەسندبکرێت.
بەپێی ئەو فەرمانەی سارات ویراسیکارا، وەزیری ئاسایشی گشتیی سریلانکا واژۆی کردووە، جگە لە قەدەخەکردنی پۆشینی پەچە لەلایەن ژنە موسڵمانەکانەوە، نیوەی قوتابخانەی ئایینیی موسڵمانانیش دادەخرێن.
لە سریلانکا نزیکەی 2000 قوتابخانەی ئایینیی ئیسلامیی هەن کە لەو وڵاتە پێیان دەگوترێت مەدرەسە؛ بە گوتەی ویراسیکارا، زۆربەیان پابەندی بنەماکانی ئاسایشی نیشتمانیی سریلانکا نابن، بۆیە بڕیاریانداوە 1000 لەو مەدرەسە ئیسلامییانە دابخەن.
موسڵمانەکانی سریلانکا هەر زوو کاردانەوەی تووندیان بەرامبەر ئەو فەرمانە وەزارییە پیشاندا و بەشێکیان دەڵێن، ئەوەی سریلانکا دەیکات "رەگەزپەرستییە لە دژیان".
ئەنجوومەنە ئایینییە ئیسلامییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن، بڕیارەکە تووندوتیژییە دژی ئایین و سەرچاوەی بڕیارەکەش "ئیسلامۆفۆبیایە"، نەک ئاسایشی نیشتمانی.
سریلانکا خاوەنی زیاتر لە 21 ملیۆن دانیشتووانە، کە زۆربەیان ئایینیان بودییە و 71%ی دانیشتووانەکەی پێکدەهێنن، لەدوای ئەویش ئایینی هیندۆسی دێت بە رێژەی 12% و موسڵمانەکانیش 9.7%ی دانیشتووانی سریلانکا پێکدەهێنن.
پرسی قەدەخەکردنی پەچە لە سریلانکا نوێ نییە، لە ساڵی 2019ش دوای هێرشێکی تووندئاژۆیی بۆسەر کەنیسەیەک و هۆتێلێك کە کوژرانی 260 کەسی لێکەوتەوە، حکومەتی ئەو وڵاتە بۆ ماوەیەک پەچەی قەدەخەکرد.
rudaw -
