یەكێتی ئەوروپا بۆ ئەسەد: سزاكان لە مانگی حوزەیران دێن

یەكێتی ئەوروپا بۆ ئەسەد: سزاكان لە مانگی حوزەیران دێن
دوای دەربازبوونی 10 ساڵ بەسەر شەڕی سووریا، یەكێتی ئەوروپا ئەمڕۆ یەكشەممە، جارێكی دیكە جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی ھیچ چارەسەرییەك بۆ ئەو وڵاتە نییە جگە لە بژاردەی سیاسی نەبێت. جەختیشیكردەوە سزاكان لە دژی رژێمی سووریا بەردەوامە و گوتی: "لە مانگی حوزەیرانی داھاتوو سزاكان لەسەر رژێمی سووریا نوێ دەكەینەوە".

ھەروەھا نوێنەری سیاسەتی دەرەوە و ئاسایش لە یەكێتی ئەوروپا لە راگەیاندراوێكدا بەبۆنەی ساڵیادی دەستپێكردنی شۆڕشی سووریا گوتی: ململانێی سووریا ھێشتا دوورە لە چارەسەر و پێویستە رژێم و ھاوپەیمانانی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایش جێبەجێبكەن".

داواشی لە رژێمی سووریا كرد، كۆتایی بەسەركوتكاری بێنێت و دەستگیركراوانیش ئازاد بكات، جەختیشیكردەوە لەوەی ئەو سەركوتكاریە دڕندانەیەی رژێمی سووریا دژ بە گەلی سووریا ئەنجامیدەدات و شكستھێنانی لە چارەسەركردنی ھۆكارە بنەڕەتییەكانی راپەڕین بووە ھۆی زیادبوونی ململانێی چەكداری و بە نێودەوڵەتیكردنی.

جەختیشیكردەوە لەوەی گشت پێشێلكارییەكانی یاسای مرۆڤایەتی نێودەوڵەتی و یاسای نێودەوڵەتی مافەكانی مرۆڤ گرنگییەكی زۆریان ھەیە وەك مەرجێكی یاسایی بۆ جێبەجێكردنی ئاشتی بەردەوام و ئاشتەوایی راستەقینە لە سووریا.

لەبارەی ئەوەی پەیوەستە بە تەنگژەی پەنابەرانی سووریایی، بەبینینی ئەو گەورەترین تەنگژەی پەنابەری و ئاوارەبوون بوو لە جیھاندا، كە 5.6 ملیۆن پەنابەر تۆماركراوە و 6.2 ملیۆن ئاوارەشی لە سووریادا ھەیە.

10 ساڵ لە شەڕی سووریا بووە مایەی ئاوارەبوون و دەربەدەربوونی بە ملیۆنان لە دانیشتوان و زیانی زۆر گەورەی بە ژێرخان گەیاند و ئابووری و كەرتە ماندووەكانی لەبنبرد، ئەمە جگە لە وێرانكارییەكی گەورە كە جیاوازی لە نێوان ماڵێك و دەزگایەكی گشتی یان دەزگایەكی پزیشكی یان خوێندن نەكرد.

10 ساڵی شەڕی سووریا بووە مایەی كوژرانی زیاتر لە 388 ھەزار كەس، بەپێی روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ كە دواین ئەنجامی لە رۆژی یەكشەممە ئاشكراكراوە رایگەیاندووە بە بۆنەی چوونە ناو ساڵی یازدەمینی شەڕەكەوە.
k24 -
Top