ئێران: ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی "یارییەكە بەدەست ئەمەریكاوە"

ئێران: ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی
جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری ناوخۆیی و ئەنجوومەنەكانی لە پەرلەمانی ئێران، محەمەد حەسەن ئاسفەری رایگەیاند، "ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بووەتە یارییەك بەدەست ئەمەریكاوە بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانی لە ناوچەكەدا".

ھەروەھا، بەپێی ئاژانسی "فارس" ئەمڕۆ یەكشەممە، ئاسفەری گوتی: "ئاژانس نێودەوڵەتی وزە وازی لە ھەڵوێستە بێلایەنەكانی ھێناوە و ئێستا كاری بووەتە زیادكردنی فشار لەسەر ھەندێك وڵاتی دەستنیشانكراو".

ھەر ئەمڕۆ یەكشەممە، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، رافایل گروسی جەختیكردبوویەوە لەوەی بەرھەمھێنانی یۆرانیۆمی پیتێندراو بە ئاستێكی زیاتر وادەكات ئێران لە بەكارھێنانی بۆ كاروباری سەربازی نزیكتر ببێتەوە.

گوتیشی: "ئێران كەمتر لە 20 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی ھەیە، بەڕێژەی 20%، بەڵام 3000 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی بەرھەمھاتووی ھەیە، بەڵام بە ئاستەكانی نزمتر، بۆیە بڕەكە زیادكراوە". بەپێی رۆژنامەی "نكی ئاسیا"ی ژاپۆنی.

لە بارەی راگرتنی تاران بۆ پابەندییەكان بە پرۆتۆكۆڵی پاشبەندی رێككەوتنی ئەتۆمی، جەختیكردەوە لەوەی "پێویستییەكی زۆر ھەیە بە پشكنینێكی بەھێز بۆ بەدەستھێنانی دڵنیابوونێكی متمانەپێكراو بە نەبوونی ئامانجی سەربازی" لەو پیتاندنەی یۆرانیۆم لە لایەن ئێرانەوە.

گوتیشی: "ئەوان تواناكانی خۆیان لە پیتاندن زیاد دەكەن بە بەكارخستنی ژمارەیەكی زیاتر لە ئامێرەكان".

لە بارەی ھەبوونی تەنۆلكەكان لە ھەندێك لە دەزگاكانی ئاشكرانەكراو لە لایەن ئێرانەوە، گروسی گوتی: وەڵامەكانی لایەنی ئێرانی تاكو ئێستا "لە رووی تەكنیكییەوە جێگای متمانە نین".

ھەفتەی رابردوو ئاژانسی نێودەوڵەتی رایگەیاند، گفتوگۆی تەكنیكی لە نیسانی داھاتوو لەگەڵ ئێران ئەنجامدەدات لەبارەی چۆنییەتی ونبوونی ئەو تەنۆلكانەی یۆرانیۆم، كە چەندین دەیەیە لە ئەمبارێكی تاران بوون، ھەروەھا لە شوێنی دیكەش ھەبوون.

ئەمە دوای ئەو رێككەوتنە كاتییەی لە نێوان حكومەت و ئاژانس ھات لە ئەنجامی ئەو بگرە وبكێشەی دوایی لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی لە نێوان ھەردوو لایەندا. پاش ئەوەی ئێران پاشەكشەی كرد لە پابەندبوونەكانی بەڕێككەوتنی ئەتۆمی، كە بووە مایە مەترسی نێودەوڵەتی.

چەند ھەفتەیەكە، ھێزەكانی جیھانی و ئێران لە ھەوڵدان بۆ زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی، كە پەرلەمانی ئێرانی رۆژی سێشەممەی رابردوو بە نیمچە مردووی وەسفكرد.
k24 -
Top