یەکەم کۆبوونەوەی جۆ بایدن لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرکردەیەکی ئاسیایی دەبێت
ئەمڕۆ یەکشەممە 14-3-2021، رۆژنامەی (یۆمیۆری)ی یابانی بڵاوی کردووەتەوە، بڕیارە یوشیهیدی سوگا، سەرۆک وەزیرانی یابان لە رۆژی 9-4-2021 لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا کۆ ببێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، یوشیهیدی سوگا و جۆ بایدن گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکان و هاوپەیمانیی تۆکیۆ و واشنتن، پابەندیی هەردوو وڵات بە ئازادیی هاتوچۆی دەریاوانی لەنێوان زەریاکانی هیندی و هێمن.
پێشتریش لە دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا (21-1-2017 تا 20-1-2021)، ترەمپ لە یەکەم کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان، لەگەڵ شینزۆ ئابی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی یابان کۆبووەوە.
جۆ بایدن لە رۆژی 21-1-2021 وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا دەست بەکار بووە و تا ئێستا لەگەڵ هیچ سەرۆک و سەرکردەیەکی بیانی، کۆ نەبووەتەوە.
باسنيوز
