رەنگە بڕیاری دەستگیرکردنی هاوسەری بەشار ئەسەد بدرێت

رەنگە بڕیاری دەستگیرکردنی هاوسەری بەشار ئەسەد بدرێت
رۆژنامەیەکی بەریتانی لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکاتت، کە رەنگە پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپول) بڕیاری دەستگیرکردنی ئەسما ئەسەدی هاوسەری بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێمی سووریا دەربکات.

رۆژنامەی (سەندای تایمز)ی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە، پۆلیسی لەندەن دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە ئەگەری تێوەگلانی ئەسما ئەسەد دەربارەی هاندانی کردە تیرۆریستییەکان لە شەڕی ناوخۆیی سووریا، کردووەتەوە.

رۆژنامەکە لە راپۆرتێکیدا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 14-3-2021 بڵاوی کردووەتەوە، ئاشکرای کردووە، ئەسما ئەسەد رووبەڕووی ئەگەری بەدواداچوون و لێسەندنەوەی رەگەزنامەی بەریتانی دەبێتەوە.

یەکەم لێکۆڵینەوە لە ئەسما ئەسەد دوای ئەوە هاتووە، کە رێکخراوی Guernica 37ی نێودەوڵەتیی پارێزەران چەندین بەڵگەی دەست کەوت، کە دەیسەلمێنن هاوسەری بەشار ئەسەد هەژموون و دەسەڵاتی لەناو چینی دەسەڵاتدار و دەستڕۆیشتوودا لە سووریا هەیە و بائاشکراش پاڵپشتیی هێزە چەکدارە شەڕکەرەکانی سووریا دەکات.

رۆژنامەکە لە زاری گوتەبێژی پۆلیس گواستویەتییەوە، یەکەیەکی تایبەتی پۆلیس، کە تایبەتە بە تاوانەکانی جەنگ، لە 31ی تەمووزی ساڵی رابردوودا داوایەکی لەبارەی ململانێیەکانی سووریا بەرز کردووەتەوە و تا ئێستاش داواکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

رۆژنامەکە لە راپۆرتەکەیدا، ئاماژەی بە سەختیی ئامادەبوونی ئەسما ئەسەد لە دادگای بەریتانیا کردووە و بڵاوی کردووەتەوە، تا ئێستا روون نییە، کە دەسەڵاتدارانی دادوەریی بەریتانیا بە شێوەی ئامادەنەبوو (غیابی) دادگایی دەکەن یان نا؟

هەروەک ئامادەکارانی راپۆرتەکە باسیان کردووە، ئەگەر هەیە پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپول) بڕیاری دەستگیرکردنی ئەسما ئەسەد دەربکات، بۆ ئەوەی لە ئەگەری چوونە دەرەوەی لە سووریا، دەستگیر بکرێت.






باسنيوز
Top