ئەنجوومەنی ئاسایش: دەبێ دەستبەجێ هێزە بیانییەکان لیبیا بەجێ بهێڵن
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەنجوومەنی ئاسایش لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە، هاتووە: "ئەنجوومەنی ئاسایش داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات کە بەتەواوی پابەندی ڕێککەوتنی ئاگربەست بن و جێبەجێی بکەن و هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانیش هان بدرێن کە ڕێز لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە بگرن".
ئەنجوومەنی ئاسایش هاوکات داوای کردووە پابەندی گەمارۆکانی ئەو ڕێکخراوە بن کە لەدژی لیبیا گیراونەتە بەر.
ئاژانسی (فەڕەنسا) بە پشتبەستن بە ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی کردووەتە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠، نزیکەی ٢٠ هەزار هێزی بیانی چوونەتە ناو خاکی لیبیاوە و تا ئێستا کە نزیکەی سێ مانگ لە ساڵی ٢٠٢١ تێپەڕیوە، هێشتا لەو وڵاتە نەکشاونەتەوە.
دەوڵەتی مەشرووع لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و هێزەکانی لایەنگری جەنەراڵ حەفتەر لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٠ ئاگربەستیان ڕاگەیاند و یەکێک لە بەندەکانی ڕێککەوتنەکە، ئەوە لە ماوەی سێ مانگدا هەموو هێزە سەربازییە بیانییەکان لە لیبیا بڕۆنە دەرەوە.
تورکیا کە لایەنگری دەوڵەتی لیبیایە کە ئێستا بەشێک لە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتەی لەژێر کۆنترۆڵدایە، نیوەی ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەش لە لایەن جەنەراڵ حەفتەرەوە بەڕێوە دەچێت کە وڵاتانی میسر، ڕووسیا، ئیمارات و فەڕەنسا پشتیوانیی لێ دەکەن.
هەموو ئەو وڵاتانە یان لە لیبیا هێزیان هەیە، یان گرووپە جیاجیا سەربازییەکان لەو وڵاتە پڕچەک دەکەن.
باسنيوز
