عەلی باباجان و داودئۆغڵو داوای 'هەڵوێستی روونی' ئەردۆغان لەبارەی پوولەکە دەکەن
عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن - دێڤا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە لە ئەنقەرە باسی پوولی پۆستەکەیان کردووە. کۆبوونەوەکە بەهۆی سەردانی داودئۆغڵوبووە بۆلای عەلی باباجان.
عەلی باباجان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دوای کۆبوونەوەکە بە میدیاکانی گوت، "ئەمانە شتی بێهودەن، تورکیا هەرگیز رێگە بەمە نادات. شتێکی لەو بابەتە هەرگیز مایەی قبووڵکردن نییە، بەڵام پێمان وایە لە بەرامبەر ئەم پێشهاتانەدا پێویستە حکومەت هەڵوێستی روونتر و تووندتری هەبێت."
بە گوتەی عەلی باباجان، "پێویستە ئەردۆغانیش وەڵامدانەوەی ئەو بابەتە تەنیا بە روونکردنەوەیەکی وەزارەتی دەرەوە تێنەپەڕێنێت. دەڵێت، "بەدڵنیاییەوە ئەگەر بابەتەکە راست و جیددی بێت، ئەو بابەتە مایەی قبووڵکردن نییە و هێندەش ناهێنێت قسەی لەسەر بکرێت."
ئەحمەد داودئۆغڵوش لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا قسەی کرد، هەڵوێستێکی هاوشێوەی باباجانی هەبوو، گوتی، "جێگەی قبووڵکردن نییە، ئەوە بابەتێکە پێویستە بە تووندی وەڵامی بدرێتەوە، پێویستە هەموو کەسێک رێز لە سنوورەکانی کۆماری تورکیا بگرێت و ئەم رێزەش رەنگدانەوەی هەبێت لەسەر سیمبولەکانی."
رۆژی 07-03-2021 لەکاتی سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، شەش پوولی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەبەردەم پاپا فرانسیس نمایشکران، یەکێک لە پوولەکان وێنەی پاپا فرانسیس و نەخشەی کوردستانی گەورەی لەسەر بوو.
ئەحمەد داودئۆغڵو ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستە هەڵوێستێکی روون و ئاشکرا لە بەرامبەر ئەو بابەتە نیشان بدرێت".
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رۆژی چوارشەممە 10ی ئاداری 2021 راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو پووله بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو "لە نێو ئەو پوولانەدا کە بەبۆنەی سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ عێراق لەلایەن ئیدارەی هەرێمیی کوردی باکووری عێراق وەکو یادەوەری چاپکراون، پوولێک بینراوە کە وێنەی نەخشەیەکی تێدایە و چەند پارێزگایەکی وڵاتەکەمانیشی لەخۆگرتووە".
دوای تورکیا ئێرانیش ناڕەزایەتیی لە نمایشکردنی پوولەکە دەربڕی. سەعید خەتیب زادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی رایگەیاند، روون و ئاشکرایە ئەوەی کە بڵاوبووەتەوە پێچەوانەی بنەما و رێکارە نێودەوڵەتییەکانە.
rudaw -
